تۆمەتبارانی "خانە ئیسەفەهان" لە سێدارەدران

سزای سێدارەی سێ تۆمەتباری کەیسی ناسراو بە "خانەی ئیسفەهان" بەناوەکانی مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی و ساڵح میرهاشمی، بەبێ هەبوونی بەڵگەی پێ

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١١:٣٧


هەنگاو: هەینی ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی سێ تۆمەتباری کەیسی ناسراو بە "خانەی ئیسفەهان" بەناوەکانی مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی و ساڵح میرهاشمی، بەبێ هەبوونی بەڵگەی پێویست و ناڕوونییەکانی ئەم دۆسیە دوای چەند مانگ دۆسییەسازی حکومەت و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی هەینی، ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٩ی مەیی ٢٠٢٣) سزای سێدارەی مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی و ساڵح میرهاشمی لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسەفەهان جێبەجێکرا. ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوەی پشتڕاستکردووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو زۆر بەتوندی لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە کە لە مافی بەرگری لە تۆمەتبار بێبەریبوون شەرمەزار دەکات و داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی ڕۆژئاوای دەکات کە بەجیددی بپرژێنە سەر پرسی شەپۆلی بەرفراوانی لەسێدارەدان لە ئێران. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت هەموو ڕێکارەکان بۆ پێشگرتن لە لەسێدارەدان لە ئێران بگرێتە بەر.

لەکاتێکدا کە داوای تێهەڵچوونەوەی ئەم سێ تۆمەتبارە بۆ کەیسەکانیان لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەدکرابووەوە و سزای سەپێندراوی موحارەبە بەسەر ئەم سێ کەسەدا پشتڕاستکرابووەوە کە لە دۆسییەکەیاند چەند ناڕوونی و گرفت لە چەشنی "پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ وەک بەڵگەی تاوان" تێیدا بەرچاو دەکەوت.

سێ ڕۆژ دوای پەسەندکرانی سزای سێدارەی ئەم سێ بەندکراوە لە دیوانی باڵای ئێراندا، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی و ساڵح میرهاشمی لە میدیاکانی سەر بە حکوومەتدا بڵاوکرایەوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە هەتا ڕۆژی لەسێدارەدانی مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی و ساڵح میرهاشمی، هیچ بەڵگەیەکی دیکە وەک بەڵگەی تاوان جگە لە ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم سێ بەندکراوە لە دۆسییەکانیاندا تۆمارنەکرابوو.

مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی و ساڵح میرهاشمی لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ٢٥ خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە گەڕەکی "خانەی ئیسفەهان" دەستبەسەرکران. لەو ڕۆژدا سێ بەسیجی بەناوەکانی موحسین چراغی، موحسین حەمیدی، و محەممەد کەریمی کوژرابوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە