پەرهام پەروەری هەشت مانگە چارەنووسی ناڕوونە و ٢٠ کیلۆ کێشی لەشی دابەزیوە

پەرهام پەروەری، لاوی وەرزشوانی خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە شاری تاران بە شێوەیەکی دڕندانە

١ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٤:٤١


هەنگاو: دووشەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

پەرهام پەروەری، لاوی وەرزشوانی خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە شاری تاران بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراوە و دواتر تۆمەتی "موحارەبە" بەسەریدا سەپێندراوە، حەوت مانگ و بیست ڕۆژە چارەنووسی ناڕوونە و بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لە بەندیخانە ناجێگیر و جێی نیگەرانییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ پەرهام پەروەری، ئەندازیاری تەمەن ٢۵ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، نزیک بە هەشت مانگە دەستبەسەر کراوە و لەو ماوەیەدا سەرەڕای کەمخەویی لەڕادەبەردەی ناوبراو لە بەندیخانەی ئێڤین، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کێشی نزیکەی ٢٠ کیلۆ دابەزیوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش تێپەڕبوونی ٢٣٠ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی پەرهام پەروەری، تەنیا جارێک زۆر بە کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەیدا چاوپێکەوتنی هەبووە.

بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی پەروەری، بەگوێرەی دوایین بڕیارێک کە بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە؛ لە ڕۆژی یەکشەممەی حەفتەی داهاتوو، ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣ یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی پەرهام پەروەری بە بەشداریی خۆی بەڕێوە بچێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە تاکوو ئێستا دوو جار دانیشتنی دادگاییکردنی ناوبراو دوا خراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن دادسەری ئێڤین تۆمەتی موحارەبەی بەسەردا سەپاوە و هاوکات لەگەڵ ٢٠ بەندکراوی سیاسی دیکەدا بەبێ هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختە، لە بەندیخانەی تارانی گەورە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراونەتەوە.

ئەو لاوە سەقزییە ڕۆژی دووشەممە، ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە کاتێکدا لە شوێنی کارەکەی بەرەو ماڵی خۆی دەگەڕایەوە، لەنێو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری تاران بە شێوەیەکی دڕندانە و لێدان و بێڕێزی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە