دەستبەسەرکردنی دوو چالاکی مەدەنیی کورد لە شاری سەحنە

دوو چالاکی مەدەنیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان لە شاری سەحنە بە ناوەکانی سەید فەرهاد زەلنووری و سەید فەریبورز شاەئیبراهیمی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

٢ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢٣:٢١


هەنگاو: سێشەممە، ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

دوو چالاکی مەدەنیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان لە شاری سەحنە بە ناوەکانی سەید فەرهاد زەلنووری و سەید فەریبورز شاەئیبراهیمی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٣ی مەیی ٢٠٢٣)، دوو چالاکی مەدەنیی پەیڕەوی ئایینی یارسان لە شاری سەحنە بە ناوەکانی سەید فەرهاد زەلنووری و سەید فەریبورز شاەئیبراهیمی، لە ماڵە خۆیان و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و فەرمانی دادوەری و هەروەها بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراون.

شایانی باسە کە ئەم دوو چالاکە مەدەنییە کوردە، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، هاوڕێ لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی دیکە، لە ٢١کەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی سەید خەلیل عالینژاد و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە جارێکی دیکە دەستبەسەر کراون.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە