کوژرانی زیاتر لە ١٠ هاووڵاتی کورد لە شارەکانی ماکۆ، خۆی، شووت و چالدێران لەلایەن سوپای پاسدارانەوە

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لانی کەم دە هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ماکۆ، شووت، خۆی و چالدێران بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون. هەنگاو

٣ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٠٠:٣٢


هەنگاو: چوارشەممە ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لانی کەم دە هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ماکۆ، شووت، خۆی و چالدێران بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون. هەنگاو هەتا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی سێ کەس لەم کوژراوانە بەناوەکانی ڕەسووڵ خەلکانلوو، مەحموود ئابەست و فەخرەدین عیسازادە، ئاشکرابکات.
 

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٩ی مەیی ٢٠٢٣) فەخرەدین عیسازادە، خەڵکی گوندی "یارمق" سەر بە شاری ماکۆ و هاووڵاتییەکی دیکە، کە ناسنامەی نەزانراوە، لە سێڕییانی کشمش تەپەکەوتنە بەرتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران و کوژران.


هاوکات لە نزیکییەکانی شارۆچکەی یولاگەلدی سەر بە شاری شووت، هێزەکانی سوپای پاسداران سێ لاویان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و تەرمەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە، ناسنامەی یەکێکیانی بەناوی ڕەسووڵ خەلکانلوو بۆ هەنگاو ئاشکرابووە.


لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لانی کەم ٣ هاووڵاتیی دیکە لەنزیک شاری ئاواجیق سەر بە شاری چالدێران لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون.


بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەوی یەکشەممە ٣١ی بانەمەڕ، لە ڕێگای خۆی بۆ ئورمیە، ئۆتۆمبێلێک بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە و پەیڕەوکردنی یاسا نیزامییەکان بۆ تەقەکردن، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دراوەتە بەر دەسڕێژ و دوای کوشتنی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، جەستەکەیان ڕفاندووە.


لەلایەک دیکەوە، لە شارەکانی ماکۆ ، چالدێران، یولاگەلدی و بازرگان زیاتر لە ٣٠ کەس لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراون و کە هەتا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی یەک کەسیان بەناوی موسا جەلالی ئاشکرابکات.


بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی کوژراون بۆ پایەگا و ئۆرگانەکانی سوپای پاسداران، لەگەڵ ڕێکاری توند و هەڕەشەی جیددی ڕووبەڕوو بوونەتەوە. سەرەڕای بێڕێزیکردن و هەڵسووکەورت نەشیاو بەرانبەر بە بنەماڵەی ئەم کوژراوانە، سوپای پاسداران بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەک هۆکاری کوشتنی ئەم کەسانەی بە "قاچاخبردنی مرۆڤ"ی ڕاگەیاندووە.


بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو، هەتا ئێستا سوپای پاسداران تەرمی ئەم کەسە کوژراوانەی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە.


هەروەها هەنگاو زانیویەتی، کە لەم ناوچانەدا کەشێکی ئەمنییەتی زاڵکراوە و لاوانی کوردی ئەم ناوچانە لەترسی دەستبەسەرکران یاخود کوژران شوێنی ژیانی خۆیان جێهێشتووە و ڕوویان لە تورکیا و شارەکانی ناوەندی ئێران کردووە.


هەنگاو لێکۆڵینەوەکانی خۆی درێژەپێدەدات و لەگەڵ دەستکەوتنی هەر زانیارییەکی نوێ لە ڕاستای ئەم کوشتنە زنجیرەییانە، بەڕای گشتی ڕادەگیێنێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە