عوسمان مامە ٨ مانگە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە
٨ مانگ لە ڕفاندنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی عوسمان مامە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێپەڕ دەبێت، هێشتا چارەنووسی ناڕو
هەنگاو: شەممە، ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
٨ مانگ لە ڕفاندنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی عوسمان مامە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێپەڕ دەبێت، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لەو ماوەیەدا هیچ پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە. ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵە و کەسوکارەکەی زیاتر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عوسمان مامە، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، ماوەی نزیک بە ٨ مانگە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی مامە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵە و کەسوکواری عوسمان لەسەر بارودۆخی ئەم هاوڵاتییە، هێشتا دامودەزگا پەیوەندیدارە حکوومەتییەکان هیچ وەڵامێکیان بەو بنەماڵەیە نەداوەتەوە. لە چەند حەفتەی ڕابردووشدا هەموو ڕۆژێک سەردانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی شارەکانی بوکان و ئورمیەیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان دەست نەکەوتووە.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕیاگەیاند؛ عوسمان مامە لە ماوەیەدا کە ڕفێندراوە، تەنانەت یەک جاریش پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بنەماڵەیەوە نەکردووە و تا هەنووکە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و تەندروستیی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
کاتێک بەرپرسانی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامی لەسەر چارەنووسی عوسمان مامە ئامادەی وەڵامدانەوەی بنەماڵەکەی نین و هیچ زانیارییەک نادرکێنن؛ کەواتە خەریکن تاوانی "بێسەروشوێنکردنی نایاسایی"ی ناوبراون و ئەمەش بەپێی یاسای نێونەتەوەیی بە تاوان هەژمار دەکرێت.
ئەو هاووڵاتییە شەوی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣) لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵی خۆیان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.