محەممەد ئازەربەرزین دوای ٦ مانگ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا

محەممەد ئازەربەرزین، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرا و لە ماوەی ڕابردوودا سزای بەندکردنی بەسەردا سەپاوە،

٨ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٠٩:٠٩


هەنگاو: دووشەممە، ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

محەممەد ئازەربەرزین، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرا و لە ماوەی ڕابردوودا سزای بەندکردنی بەسەردا سەپاوە، دوای ٦ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ۵ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٨ی مەیی ٢٠٢٣)، محەممەد ئازەربەرزین، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە دانانی بارمتەی ۵ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرمانی‌ساعەتڵوو"، بە تۆمەتی "هەبوونی کۆکتێل مۆلۆتۆڤێکی دەستساز لە ماڵەوە" سزای ١۵ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردن و پێ بژاردنی بڕی دوو ملیۆن ڕیاڵ (واتە دوو سەد هەزار تمەن) پارەی ئێرانی، بە تۆمەتی "یاغیگەری و سەرکێشی بەرانبەر بە هێزە حکوومەتییەکان" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "بەشداریی لە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.


شایانی باسە کە محەممەد ئازەربەرزین، ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، لە ڕەوتی بەرخۆدان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە