ناهید حاجەتمەند بەدانانی بارمتەی هەشت ملیار تمەنی لە بەندیخانەی ئورمیە ئازادکرا
ناهید حاجەتمەند، خەڵکی مەهاباد کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەم شارە دەستبەسەرکرابوو، بە دانانی بارمتە و بەشێوەیەکی کاتی ئازادبوو.
هەنگاو: چوارشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
ناهید حاجەتمەند، خەڵکی مەهاباد کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەم شارە دەستبەسەرکرابوو، بە دانانی بارمتە و بەشێوەیەکی کاتی ئازادبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٨ی مەیی ٢٠٢٣) ناهید حاجەتمەند، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی مەهاباد دوای سێ حەوتوو دەستبەسەرکران بەدانانی بارمتەی ٨ ملیار تمەنی بەشێوەیەکی کاتی و هەتا تەواوبوونی قۆناغەکانی دادگاییکردنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازادکرا.
پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردبووەوە کە ناهید حاجەتمەند بە تۆمەتی بەشداریکردن لە جووڵانەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستبەسەرکرابوو و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە شاری ئورمیە گواسترابووەوە.
ناهید حاجەتمەند لە ڕۆژی دووشەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی دادگا دەستبەسەرکرابوو.