دەستبەسەرکردنی سامان ئەسلانی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە

هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری سنە بە ناوی سامان ئەسلانی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ژمارە

١١ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢١:١٥


هەنگاو: پێنجشەممە، ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری سنە بە ناوی سامان ئەسلانی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەو شارە و لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا بوون بە ٤ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەک بە ناوی سامان ئەسلانی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە شوێنی کارەکەی کە دەکەوێتە "نایسەر"ی شاری سنە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، هێزە حکوومەتییەکان بە سێ ئۆتۆمبێلی حکوومەتی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی سامان ئەسڵانی و بە شێوەیەکی دڕندانە ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و هەروەها هەموو ماڵ و کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی ئەو هاووڵاتییەیان پشکنیوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ سامان لەبەردەستدا نییە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەیی ٢٧٢٣دا لانی کەم ١٠٧ هاووڵاتی لە سەرانسەری ئێران و لەلایەن هێز و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۵٤ کەسیان هاووڵاتیی کورد بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە