مانگرتن لەخواردنی نایب حاجیزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە

نایب حاجیزادە، بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، سەرەڕای پێویستی بە چارەسەریی پزیشکی، ڕێگرییان لێ کردووە بێتە دەرەوە بۆ تیمارکردنی نەخۆشییەکە

١٧ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢٣:١٧


هەنگاو: چوارشەممە، ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
نایب حاجیزادە، بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، سەرەڕای پێویستی بە چارەسەریی پزیشکی، ڕێگرییان لێ کردووە بێتە دەرەوە بۆ تیمارکردنی نەخۆشییەکەی و هەروەها دۆسیەیەکی نوێشیان بە دژی دروست کردووە و نابراویش بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لەخواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٦ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، نایب حاجیزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر ڕێپێنەدانی هاتنە دەروەری کاتی بۆ چارەسەریی پزیشکی و هەروەها کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ و گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی، مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی جۆزەردانەوە بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەم بەندیخانەیە گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە ماوەی ڕابردوودا ناوەندە حکوومەتییەکان بە شایەتدانی بەندکراوانی تاوانە مەترسیدارەکان دۆسیەیەکی نوێیان لەژێر ناوی "سووکایەتیکردن بە ڕێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" لە دژی نایب حاجیزادە کردووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن بەندکراوانی تاوانە مەترسیدارەکانەوە هێرش کراوەتەوە سەری و لێیان داوە.

ناوبراو داواکاریی هاتنە دەرەوەی کاتی بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی کردووە و سەرەڕای پێویستیی خێرای نایب بە تیمارکردن و چاەسەریی پزیشکی و وێڕای ئەوەش کە بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە ئەو داواکارییەیان قەبووڵیان کردووە، بەڵام پاشان بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران و ناوەند حکوومەتییەکانی دیکە داواکارییەکەی ڕەت کراوەتەوە.

نایب حاجیزادە لە ساڵی ٢٧٢٠ جارێک نەشتەرگەریی بۆ کراوە و بەبێ جێگیربوونی باری تەندروستیی ناوبراو، لە نەخۆشخانەوە بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە و تاکوو ئێستاش بەدەست کێشەی ناو سکییەوە دەناڵێنێت.

ئەو هاووڵاتییە لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧١٩دا لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە" سزای ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپا و دواتر ٢ ساڵ و ٦ مانگی ئەم سزایە کەم کرایەوە و بووە بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ.

نایب حاجیزادە، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە کراوە و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە