حکوومەت گوشاری بۆ ئاژەڵدارانی ئورمیە هێناوە کە ببنە بەسیج

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، لەم ماوەی ڕابردوودا دامودەزگاکانی سوپای پاسداران و بەسیج گوشاریان خستووەتە سەر ئاژەڵدارانی ناوچەی "سیلوانا"ی ئورم

٢٠ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٣:٢٦


هەنگاو: هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، لەم ماوەی ڕابردوودا دامودەزگاکانی سوپای پاسداران و بەسیج گوشاریان خستووەتە سەر ئاژەڵدارانی ناوچەی "سیلوانا"ی ئورمیە. ئەم گوشارانەش کاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر بژێویی ژیانی ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ دامودەزگای سوپای پاسداران هەڕەشەیان لە ئاژەڵدارانی ناوچەی "سیلوانا"ی ئورمیە کردووە کە ئەگەر نەبنە ئەندامی بەسیجی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەلایەن ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی خراونەتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، ڕێگەیان پێ نادرێت کە ئاژەڵەکانیان ببەنە لەوەڕگەکان.

هەر لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە دانیشتووانی گوندی دزەی مەرگەوەڕ بە هەنگاوی ڕایگەیاند؛ هێزە حکوومەتییەکانەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی کە خۆیان پێی ئێژن "هاوکارینەکردن"، دەستیان بەسەر دەیان مەڕوماڵاتی کەسێکی دانیشتووی ئەو گوندەدا گرتووە.

هەروەها ڕاپۆرتێکی هاوشێوەی گوندی دزە، لەسەر خەڵکی گوندی "زیوە"ش ڕووی داوە و گوشارەکانی دامودەزگاکانی سوپای پاسداران بۆ سەر خەڵکی ئەو گوندە بەردەوامە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە