بەردەوامیی دەستبەسەربوونی چەند ئەندامێکی بنەماڵەی گیانبەختکراوانی کوردستان

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ژن و منداڵانی بنەماڵەی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان، لە نیوەشەوی ڕابردوو و لەسەر ڕێگە

٢٠ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٤:٢٩


هەنگاو: شەممە، ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ژن و منداڵانی بنەماڵەی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان، لە نیوەشەوی ڕابردوو و لەسەر ڕێگەی نێوان شارەکانی سەقز و دیواندەرە بەتەنیا و بەبێ هیچ پێداویستییەکی مانەوە ماونەتەوە و هێشتاش ٦ پیاوی ئەندامی ئەو بنەماڵانە و هەروەها دوو شۆفێرەکەیان لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندان.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، ژنان و منداڵانی بنەماڵەی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان، پاش ئەوەی کە سەردانی گڵکۆی گیانبەختکراوانی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کرد، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە جادەی نێوان سەقز - دیواندەرە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران، لە نیوەشەودا بەتەنیا لەو ڕێگە و بەبێ هیچ پێداویستییەکی مانەوەیان وازیان لێیان هێناوە.


لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیکی ئەو بنەماڵانە بە هەنگاوی ڕایگەیاندووە: لە کاتێکدا هێزە حکوومەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی دەستبەسەرکراوەکاندا گرتبوو، ژن و منداڵەکانیان بەبێ هیچ ئامرازێکی دیکەی پەیوەندیکردن ناچار بوون لە شوێنی مانەوەیان تاکوو شارەکانی خۆیان ئەو ڕێگەیە ببڕن و خۆیان بگەیەننەوە شارەکانیان.


ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە جگە لە حەسەن ئەمینی، سدیق بەهمەنی، هاشم سەعیدی، ئەحمەد ڕەحیمی، ئارمان حەبیبی و عەبدولڕەحمان ناسری، دوو شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی ئەو بنەماڵانەش بە ناوەکانی جەماڵ و جەلیل، تا هەنووکەش لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندان.


ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، زیاتر لە ٣٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری سنە، دیواندەرە و دێولان کە سەردانی گڵکۆی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبووە، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران کە چوار کەس لەو دەستبەسەرکراوانە منداڵ بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە