بۆکان؛ دوو مانگ بەسەر ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراودا تێدەپەڕێت
نزیک بە دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی سیامەک هەیاسی و ئالان داغدار تێدەپەڕێت و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارە
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
نزیک بە دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی سیامەک هەیاسی و ئالان داغدار تێدەپەڕێت و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نزیک بە دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئالان داغدار و سیامەک هەیاسی، هەردووک خەڵکی گوندی حاجی ئاوا سەر بە بۆکاندا تێدەپەڕێت و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکانیان بۆ دەستخستنی زانیاری ورد و دروست لەمەڕ چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە بێ ئاکام ماوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە دوای ڕفاندنیان بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گواستراونەتەوە و لەو کاتەوە لە مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بوون.
ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، هێزەکانی حکوومەت هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سیامەک هەیاسی و ئالان داغدار و هەردووکیانیان ڕفاند.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردبووەوەکە دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە بە شێوەیەکی توندوتیژانە بووە و هێزەکانی حکوومەت دەستیان بەسەر لاپتۆپ، مۆبایل و چەند کەلوپەلێکی دیکەی تاکەکەسی سیامەک هەیاسیدا گرتووە.