بەهۆی مانگرتنی خەڵکی سەقز هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت لەو شارە جێگیر کراون

هاوکات لەگەڵ مانگرتنە گشتیی بەرفراوانی شاری سەقز، هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارەدا جێگیر کراون و هەوڵیان داوە ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییە مە

٢٣ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٢:٤٩


هەنگاو: سێشەممە، ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

هاوکات لەگەڵ مانگرتنە گشتیی بەرفراوانی شاری سەقز، هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارەدا جێگیر کراون و هەوڵیان داوە ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییە مەدەنی و هێمانانەیە بەرەو توندوتیژی ببەن. ئەم مانگرتنە بەرفراوانە بە نیشانەی ناڕەزایەتیی خەڵک لەسەر دەستبەسەرکردنی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان و گۆڕینی ئامانجداری گۆڕستانی ئایچیی ئەم شارە ڕێک خراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتیی شاری سەقز بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر گۆڕینی گۆڕستانی ئایچیی ئەم شارە بە شێوەیەکی ئامانجدار لەلایەن حکوومەت و هەروەها دەستبەسەرکردنی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان لە شارەکانی سنە و دێولان و دیواندەرە، ئەم شارە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەتەواوەتی میلیتاریزە کراوە.

خەڵکی شاری سەقز بەتەما بوون بە شێوەیەکی مەدەنی و هێمنانە لە پێش بینای شارەوانیی سەقزدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن، بەڵام هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەتەواوەتی ڕێگەی بەرەو شارەوانیی شاری سەقزیان بەستووە و تەنانەت هاتوچووی ئاساییی جارانیشیان لە شەقامەکانی دەوروبەری شارەونیدا قەدەغە کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ بەشێک لە بازرگانانی شاری سنەیش بۆ ئیدانەکردنی دەستبەسەرکردنی بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" پەیوەست بوون بە مانگرتنی گشتیی خەڵکی شاری سەقزەوە.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە بنەماڵەی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان کە سەردانی گڵکۆی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە ڕێگەی نێوان سەقز دیواندەرەدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون و هەندێکیان هێشتا لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندان.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە