پەرەسەندنی پێکدادانە چەکدارییەکان لە کۆساڵان و کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسداران

هێرشی تۆپخانە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دڕۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بەرزایییەکانی شاخی کۆساڵان لە دەوروبەری شاری سەوڵاوا پەرەی سەندووە و هەر

٢٣ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٦:١٠


هەنگاو: سێشەممە، ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

هێرشی تۆپخانە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دڕۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بەرزایییەکانی شاخی کۆساڵان لە دەوروبەری شاری سەوڵاوا پەرەی سەندووە و هەروەها لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەمڕۆی نیوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، لانی کەم ئەندامێکی سوپای پاسداران لە شەڕ و پێکدادانی چەکداریی نێوان ئەو هێزانە و گریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دا کوژراوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەو شەڕ و پێکدادانە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دیسان دەستی پێ کردووە کە تاکوو ئێستاش هەر بەردەوامە و تۆپخانەکانی سوپای پاسداران بەردەوام شوێنی شەڕەکە تۆپباران دەکەن.

هەنگاو پێشتر هەواڵی هێرشی تۆپخانە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دڕۆنەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر چەند شوێنێکی بەرزایییەکانی شاخی کۆساڵان لە هەمرۆ سەفایان هەڵکەوتوو لەنێوان گوندەکانی "ڕەزاو" و "سلێن" سەر بە شاری سەوڵاوا بڵاو کردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ سوپای پاسداران سەکۆیەکی سەربازی نوێی لە بەرزایییەکانی شاخی کۆساڵان دامەزراندووە و بە مەبەستی پەیوەندی گرتن بەم سەکۆیەوە، ئیکۆسیستەمی ئەم چیایە و ناوچەکەش بەتەواوەتی وێران کراوە.

هەروەها سوپای پاسداران بەردەوام لە شارەکانی دەوروبەری کۆساڵان هێزەکانی خۆی ڕەوانەی ناوچە شاخاوییەکان و بەتایبەت بۆ شوێنی شەڕەکە دەکات.
شایانی باسە کە لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆدا چەند هەلیکۆپتەرێکی سەربازیی هێزەکانی سوپای پاسداران بەسەر شاری سنەدا سووڕاونەتەوە کە تەنیا بە مەبەستی ئامادەباشی بەسەر ئەو شارەدا سووراونەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە