چوار هاووڵاتیی دیکە لە پیرانشار دەستبەسەرکران

چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی موحسین جەوادیفەڕ، شەفیع ئەزیر، ڕەسووڵ جەوادیفەڕ و مووسا ئەردەشیری لەلایەن هێزەکان

٢٣ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢٢:٠٢


هەنگاو؛ سێشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی موحسین جەوادیفەڕ، شەفیع ئەزیر، ڕەسووڵ جەوادیفەڕ و مووسا ئەردەشیری لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١١ی ژوئەنی ٢٠٢٣) چوار هاووڵاتیی خەڵکی گوندی پەسوێ سەر بە پیرانشار بە ناوەکانی ڕەسووڵ جەوادیفەڕ ، مووسا ئەردەشیری، موحسین جەوادیفەڕ و شەفیع ئەزیر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەسووڵ جەوادیفەڕ و موسا ئەردەشیری دوای یەک ڕۆژ لێپرسینەوە ئازادکراون، بەڵام ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستی بەسەر مۆبایلەکانیاندا گرتووە.

هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی موحسین جەوادیفەڕ و مووسا ئەردەشیری لەبەردەستدانییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەم ڕاستایەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە لە کاتی دەستگیری موحسین جەوادیفەڕ ، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بە نزیکەیی ١٣ ئۆتۆمبێل لە کاتژمێر سێی بەرەبەیاندا هێرشیان کردووتە سەر ماڵی ناوبراو.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە لە هەمان ڕۆژدا لانی کەم ٦ هاووڵاتیی دیکە لە سێ گوندی دەوروبەری پیرانشار لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە