ڕاپۆرتێک لەسەر ژیان ئاغاد یووسف، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئیزمیر لە بەندیخانەی ئورمیە

هاووڵاتییەکی خەڵکی باکووری کوردستان بە ناوی ژیان ئاغاد یووسف کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە، ماوەیەک لەمەوبەر لە بەندی ژن

٢٤ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٠:٢٣


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی باکووری کوردستان بە ناوی ژیان ئاغاد یووسف کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە، ماوەیەک لەمەوبەر لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئەم شارە گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٩ی مەی ٢٠٢٣)، ژیان ئاغاد یووسف، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری "ئیزمیر"ی باکووری کوردستان، لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەم شارە گواستراوەتەوە و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، ژیان ئاغاد یووسف، ڕۆژی شەممە، ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ (٢٢ی ئەپریلی ٢٠٢٣) پاش ٥ مانگ دەستبەسەربوونلە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری ئورمیە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە گواستراوەتەوە و پاش مانگێک جارێکی دیکە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتە گەڕێندراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ژیان ئاغاد یووسف، ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بووە و لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا لە سنووری ئورمیە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ئەو پێنج مانگەی کە لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە حکوومەتییەدا بووە، لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە و هەروەها بە شێوەیەکی نامرۆڤانەش ئەشکەنجەی دەروونیی و جەستەیی کراوە.

هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەو بەندکراوە سیاسییە تاکوو ئێستا لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو نەکراوەتەوە و هەنگاو یەکەم سەرچاوەیە کە ئەم هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە