ژمارەی دەستبەسەرکراوانی شاری پیرانشار بوو بە ١١هاووڵاتی

بە ئاشکرابوونی ناسنامەی هاووڵاتییەکی دیکەی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی تەها ڕەسووڵی، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەو شارە لەلایەن هێزە حک

٢٤ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١١:٥٣


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

بە ئاشکرابوونی ناسنامەی هاووڵاتییەکی دیکەی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی تەها ڕەسووڵی، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەو شارە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە یەکشەممەی ئەم حەفتەیەدا بوو بە لانی کەم ١١ هاووڵاتی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١١ی ژوئەنی ٢٠٢٣) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هەڵیانکوتایە سەر ماڵی تەها ڕەسووڵی لە شاری پیرانشار و ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

هەنگاو پێشترڕایگەیاند؛ چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان قەیتەران و سەدرەدین قەیتەران، دوو برای خەڵکی گوندی "کانی‌مەلا"ی ئەو شارە و هەروەها خزر محەممەدپوور و حەبیب خۆشنوود، دوو دانیشتووی دیکەی ئەو گوندە، لە گوندی "ئەشنۆزەنگ"ی پیرانشار دەستبەسەر کراون.

هەر لە هەمان ڕۆژدا جەمال ڕەسووڵزادە و محەمەد مەحموود فەقیە، دوو دانیشتووی گوندی "خۆرینج"ی سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، چوار هاووڵاتیی دیکە و خەڵکی گوندی "پەسوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار بە ناوەکانی ڕەسووڵ جەوادیفەر، موحسین جەوادیفەر، مووسا ئەردەشیری و شەفیع ئەزیر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

هەنگاو لەم بارەیەوە بەپشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی لە ڕاپۆرتی پێشووتردا نووسیویەتی: ڕەسووڵ جەوادیفەر و مووسا ئەردەشیری، دوای یەک ڕۆژ لێکلۆڵینەوە و لێپرسینەوە ئازاد کراون، بەڵام ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستی بەسەر مۆبایلەکانیاندا گرتووە و تاکوو ئێستاش پێیانی نەداوەتەوە و هەر لە بەردەستی ئەو هێزە حکوومەتییەدایە. هەروەها تا هەنووکە هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس و شوێنی موحسین جەوادیفەر و شەفیع ئەزیز لە بەردەستدا نییە.

بە دەستبەسەرکردنی تەها ڕەسووڵی، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی شاری پیرانشار لە ڕۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیەدا بوون بە ١١ هاووڵاتی و جگە لە ڕەسووڵ جەوادیفەر و مووسا ئەردەشیری، تاکوو ئێستا ئەو ٩ کەسەکەی دیکەیان لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندان.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە