میلیتاریزەکردنی کوردستان درێژەی هەیە؛ فڕینی هەلیکۆپتەر بەسەر شارەکاندا و ڕوودانی پێکدادانێکی چەکدارانە لە ئورمیە
جووڵەکانی سوپای پاسداران لە کوردستان درێژەی هەیە. هەلیکۆپتەرە نیزامییەکان لە مەودایەکی نزمەوە بەسەر شارەکاندا دەسووڕێنە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
جووڵەکانی سوپای پاسداران لە کوردستان درێژەی هەیە. هەلیکۆپتەرە نیزامییەکان لە مەودایەکی نزمەوە بەسەر شارەکاندا دەسووڕێنەوە و لانی کەم پێکدادانێکی چەکدارانە ڕوویداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٥ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، هەلیکۆپتەرە سەربازییەکانی سوپای پاسداران بەسەر شارەکانی سنە، مەهاباد و سەوڵاوادا سوڕاونەتەوە.
هەروەها شەوی ڕابردوو لە دەوروبەری پایگایەکی سوپای پاسداران لە نزیک شارەکی ئەلواج، سەر بە شاری ئورمیە شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان سوپا و هێزێکی نەناسراو ڕوویداوە، کە هەنگاو لە هەوڵی دەستخستنی وردەکاری زیاترە.
لەچەند حەوتووی ڕابردوودا، سوپای پاسداران لە هەوڵێکی تۆکمەدا دەستی بە گواستنەوەی چەک و چۆڵی قورس و زرێپۆش بۆ کوردستان کردووە، هەروەها هەموو ئەم ناوچانەی میلیتاریزە کردووە و چەندین پایەگای نوێی لە ناوچە سنوورییەکان دروستکردووە.
هەر لەم ڕاستایەدا و بەپێی بەڵگەکانی هەنگاو، تۆپخانەکانی سوپای پاسداران لانی کەم شەش جار بەرزاییەکانی شاهۆ و کۆساڵان لە پاوە و سەوڵاوە و بۆرالانی لە ماکۆ تۆپباران کردوە. لە تێکهەڵچوونی نێوان ئەم هێزانە و هێزەکانی پژاکیشدا ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە.
هەنگاو جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە ناوچەی کۆساڵان وشاهۆ بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی سەر بە ناوچە ژینگەیییە پارێزراوەکانن و ئەنجامدانی هەرجۆرە چالاکییەکی سەربازی و چەکداری لەم ناوچانە و گۆڕینی ئەم ناوچانە لە شوێنی گیانلەبەرە دەگمەن و جڕوجانەوەر و گیاکان بۆ شوێنێکی چەکدارانە وەک ئێکۆترۆریسم لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە هەژماردێت.