نایب حاجیزاد لە بەندی تاکەکەسی بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە

نایب (مەسعوود) حاجیزادە، بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کە مانی لە خواردن گرتووە، دوای دوو حەفتە لە گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی، ئەمڕۆ

٢٥ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٥:٢٧


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

نایب (مەسعوود) حاجیزادە، بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کە مانی لە خواردن گرتووە، دوای دوو حەفتە لە گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی، ئەمڕۆ بۆ بەندی سیاسیی ئەم بەندیخانەیە گەڕێندراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٥ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، نایب حاجیزادە، بەندکراو سیاسیی خەڵکی ئورمیە، لە بەندی تاکەکەسی بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندرایەوە.

ئەم بەندکراوە لە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، نە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر پێنەدانی مۆڵەتی پزیشکی و کرانەوەی دۆسیەیەکی نوێ بە دژی ناوبراو، مانی لە خواردن گرتووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی جۆزەردانەوە بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەم بەندیخانەیە گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە ماوەی ڕابردوودا ناوەندە حکوومەتییەکان بە شایەتدانی بەندکراوانی تاوانە مەترسیدارەکان دۆسیەیەکی نوێیان لەژێر ناوی "سووکایەتیکردن بە ڕێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" لە دژی نایب حاجیزادە کردووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن بەندکراوانی تاوانە مەترسیدارەکانەوە هێرش کراوەتەوە سەری و لێیان داوە.

ناوبراو داواکاریی هاتنە دەرەوەی کاتی بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی کردووە و سەرەڕای پێویستیی خێرای نایب بە تیمارکردن و چاەسەریی پزیشکی و وێڕای ئەوەش کە بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە ئەو داواکارییەیان قەبووڵیان کردووە، بەڵام پاشان بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران و ناوەند حکوومەتییەکانی دیکە داواکارییەکەی ڕەت کراوەتەوە.

نایب حاجیزادە لە ساڵی ٢٧٢٠ جارێک نەشتەرگەریی بۆ کراوە و بەبێ جێگیربوونی باری تەندروستیی ناوبراو، لە نەخۆشخانەوە بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە و تاکوو ئێستاش بەدەست کێشەی ناو سکییەوە دەناڵێنێت.

ئەو هاووڵاتییە لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧١٩دا لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە" سزای ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپا و دواتر ٢ ساڵ و ٦ مانگی ئەم سزایە کەم کرایەوە و بووە بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ.

نایب حاجیزادە، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە کراوە و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە