سەد و شەست هاووڵاتیی لە شاباد بانگکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە

لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم سەد و شەست هاووڵاتیی خەڵکی شاباد کە زۆرترینیان دانیشتووی گوندی لوڕبوون، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆمار

٢٧ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٠٩:١١


هەنگاو؛ هەینی ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم سەد و شەست هاووڵاتیی خەڵکی شاباد کە زۆرترینیان دانیشتووی گوندی لوڕبوون، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگکراون و لێپرسینەوەیان لێکراوە. ئەم گوشارانە لەدوای کوژرانی دوو ئەندامی هێزەکانی حکوومەت لە پارێزگای کرماشان لەسەر دانیشتوانی ئەم شارە دروستکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا ناوەندە حکوومەتییەکان نزیکەی سەد و شەست هاووڵاتییان لە شاری شاباد بانگکردووە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردوون. ئەم بانگکرانانە لەدوای هێرشی هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر گوندی لوڕ لەم شارە دەستیپێکردووە، کە لەم هێرشەدا هێزەکانی حکوومەت بەبێ هیچ ئامانجێکی دیار خانووەکانی ئەم گوندەیان داوەتە بەر دەستڕێژ.

میدیا حکوومەتییەکان لەبارەی ئەم هێرشەوە بانگەشەی ئەوەیان بڵاوکردبووەوە کە ئەم چالاکیانە بۆ دەستبەسەرکردنی بکوژانی سەجاد ئەمیری، ئەندامی کوژراوی سوپای پاسداران ئەنجامدراوە کە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردان لە کرماشان کوژرابوو.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردبووەوە کە دوای هێرشی هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر گوندی لوڕ، لە شەوی سێشەممە ٢٣ی جۆزەردان، هێزەکانی حکوومەت بەبێ هیچ هۆکارێک خانوویەکیان لە گەڕەکی جیهادی شاباد گەمارۆداوە و داویانەوە بەر دەستڕێژ.

لەم هێرشەدا، ئەندامێکی هێزەکانی سوپای پاسداران بەناوی مێهدی شاکەرەمی، بەهۆی کەمانە* کردنی گوللەی هێزەکانی خۆیان کوژراوە و ئەندامێکی دیکەی سوپا و هاووڵاتییەکی دیکە (ماتۆڕسوار) برینداربوون.

ئەم هێزانە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک، خانوویەکی بەتاڵیان داوەتە بەر گوللە، کە بەپێچەوانەی میدیاکانی سوپای پاسداران، هیچ کەسێک لەنێو ئەم خانووەدا نەبووە هەتا دەستبەسەربکرێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە