ڕاپۆرتێک لەسەر شەڕ و تێکهەڵچوونی شەوی ڕابردووی شاری مەریوان و سووتاندنی بەئەنقەستی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن سوپای پاسداران

لە میانەی شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداریی شەوی ڕابردوو لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە لە گوندەکانی ناوچەی مە

٢٧ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٠:٢١


هەنگاو: شەممە، ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

لە میانەی شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداریی شەوی ڕابردوو لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە لە گوندەکانی ناوچەی مەریوان هاتە ئاراوە، لانی کەم ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژرا و دوو ئەندامی دیکەی ئەو هێزە بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەم شەڕە و تێکهەڵچوونە چەکدارییە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٦ی ژوئەنی ٢٠٢٣) لە بەرزایییەکانی نێوان گوندەکانی "دەرەتفێ" و "کانیسانان" کە لە٧ کیلۆمەتریی شاری مەریوانەوە هەڵکەوتوون، دەستی پێ کرد و تاکوو کاتژمێر ٢٣: ٠٠ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەڕەکە بەردەوام بووە.

هەنگاو شەوی ڕابردوو هەواڵی کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند؛ تەرمی ئەو ئەندامە کوژراوەی سوپای پاسداران بۆ نەخۆشخانەی فەجر لە مەریوان گواستراوەتەوە. بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی بارەگای شەهرامفەری پارێزگای سنەش ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و هەواڵەکەی هەنگاوی لەسەر کوژرانی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران پشتڕاست کردەوە و ناسنامەی کوژراوەکەی بە ناوی "ڕزگار تەبیرە" و خەڵکی شاری مەریوان ڕاگەیاند.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی هەنگاو، شەوی ڕابردوو سوپای پاسداران بەئەنقەست بەرزایییەکانی ناوچەکەی ئاگر داوە و ڕێگری لە هاتنی خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژانەوەی ئاگرەکە کردووە.

هەروەها، بەپێی گرتەڤیدیۆیەکی دیکە کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووەتە؛ ڕۆژی ڕابردوو لە هەمان کاتدا دارستان و لەوەڕگەکانی چیای کۆساڵان کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی "سلێن" و "ژیوار"، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بەئەنقەست سووتێندراون و لە هەوڵێکی هاوشێوەدا خەڵکی ئەو گوندانە چوونەتە ئەو شوێنە بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژانەوەی ئاگرەکە، بەڵام هێزەکانی سوپا ڕێگرییان لە خەڵک کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە