پێکدادانی چەکداری لە سەوڵاوا و هەناردنی هەلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری سوپای پاسداران لە سنەوە بۆ سەوڵاوە
دوای پێکدادانو تێکهەڵچوونی چەکداری لە کوێستانی کۆساڵان، سەر بە سەوڵاوە، هەلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری سوپای پاسداران لە سنەوە بەرەو سەوڵاوە چووە.
هەنگاو؛ شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
دوای پێکدادانو تێکهەڵچوونی چەکداری لە کوێستانی کۆساڵان، سەر بە سەوڵاوە، هەلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری سوپای پاسداران لە سنەوە بەرەو سەوڵاوە چووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٣) هەلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری سوپای پاسداران لە سنەوە چووەتە سەوڵاوە.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، چوونی ئەم هەلیکۆپتەرە لە کاتێکدا بووە کە کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گریلاکانی پژاک شەڕ و تێکهەڵچوون لە ناوچەی "حەشەدۆڵ" هەڵکەوتوو لە داوێنی کۆساڵان ڕوویداوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، سوپای پاسداران و میدیاکانی سەر بە پژاک لەبارەی ئەم شەڕەوە هیچ ڕاگەیاندراو و زانیارییەکیان بڵاونەکردووەتەوە و هیچ زانیارییەک لەبارەی قوربانیان هەردوولا لەبەردەستدانییە.
جێگای ئاماژەیە کە، لە تێکهەڵچوونێکی دیکەدا لە ئێوارەی هەینی ، ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، لە ٧ کیلۆمەتری شاری مەریوان ئەندامێکی سوپای پاسداران بەناوی ڕزگار تەبیرە، خەڵکی مەریوان کوژراوە و دوو ئەندامی دیکەی سوپای برینداربوون.
هەنگاو زانیویەتی کە لە سەر لەبەیانی ئەمڕۆوە چەندین هەلیکۆپتەری سوپای پاسداران لە سنەوە بۆ مەریوان و سەوڵاوا لە هاتووچۆدا بوون.