بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت، سێ کۆڵبەر برینداربوون

٢٨ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٠:٢٤


هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

سێ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بەسەختی برینداربوون. ناسنامەی دوو کەسیان بەناوەکانی سەبوور سەیدی، خەڵکی جوانڕۆ و فەرزاد ئیمامی، خەڵکی پاوە بۆ هەنگاو ئاشکرابووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٧ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، لە نزیک گوندی "دزاوەر" سەر بە شاری نەوسوود، سەبوور سەیدی، دانیشتووی گوندی "کڵاش" سەر بە جوانڕۆ و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ، کەوتنە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسەختی برینداربوون.

سەرچاوەکانی هەنگاو لەمبارەوە ڕایانگەیاند، کە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت، لاقی ئەم دوو کۆڵبەرە پێکراوە و دۆخی تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە.

هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی هەینی ٢٦ی جۆزەردان، فەرزاد ئیمامی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی پاوە، لەکاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی شاری نەوسوود، کەوتە بەر ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت و بریندارکرا.

بەپێی ئەو ڤیدییۆیانەی دەستی هەنگاو گەیشتووە، هێزەکانی حکوومەت سەری فەرزاد ئیمامیان کردووەتە ئامانج و گوللە بەر سەر و دەموچاوی کەوتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە