دەستبەسەرکردنی لانی کەم دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاباد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
سەرەڕای بانگکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییانی شاری شاباد لە پارێزگای کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە، هاوکات لانی کەم دوو ه
هەنگاو: شەممە، ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
سەرەڕای بانگکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییانی شاری شاباد لە پارێزگای کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە، هاوکات لانی کەم دوو هاووڵاتیی ئەم شارە بە ناوەکانی سامان نادری و غوڵامڕەزا عەسکەری، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، غوڵامڕەزا عەسکەری، خەڵکی شاری شاباد و ئەندازیار سامان نادری، خەڵکی گوندی "لوڕ"ی سەر بەو شارە، لە ماڵەکانی خۆیاندا و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەر لە دەستبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، نزیکەی ١٦٠ کەسی دیکەی خەڵکی شاری شاباد کە زۆربەیان خەڵکی گوندی "لوڕ" بوون، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لەلایەن هێز و ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەسەر کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە کرماشان بانگ کراون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ غوڵامڕەزا عەسکەری و سامان نادری و هەروەها شوێنی ڕاگیران و بارودۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.