ڕاپۆرت / گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ سەر مامۆستایانی ئایینیی کوردستان بەهۆی پشتیوانیی شۆڕشی ژنان، ژیان، ئازادی

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٦ مامۆستا و کەسایەتیی ئایینیی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون و ١٢ دۆسیەی

٢٨ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢٢:٢٥


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٦ مامۆستا و کەسایەتیی ئایینیی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون و ١٢ دۆسیەی سزای دادوەری لە دژی ئەو چالاکوانە ئایینییانە کراونەتەوە کە زیاتر لە ٥٤ ساڵ بەندکردن و ٢٩٤ قامچییان بەسەردا سەپاوە. زۆربەی ئەو دۆسیانە پەیوەندییان بە پشتیوانیی مامۆستایان لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە هەیە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ١٦ مامۆستای ئایینی لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. ژمارەی دەستبەسەرکراوان بەپێی شارەکانی کوردستان بەم شێوەیە؛ لە شاری پیرانشار ٦ کەس، لە شاری جوانڕۆ ٥ کەس، لە شاری ڕەبەت ٢ کەس، لە شارەکانی سەردەشت، بانە و سنە هەر کامیان ١ کەس تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ئامارانە، لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا ١٢ مامۆستای کوردی سوننە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای زیاتر لە ٤٩ ساڵ و ٤ مانگ بەندکردن و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێرردراو و هەروەها لێدانی ٢٩٤ قامچییان و بەسەردا سەپاوە.

ناوی مامۆستایان و چالاکانی ئایینیی دەستبەسەرکراو لە پیرانشار بریتین لە؛ محەممەدجەماڵەدین واژی، شەریف محەمەدپوور، یوونس نەوخاە، سولەیمان ئەحمەدی، ئیبراهیم سەلیمی و جەعفەر پەروینی هەروەها ئیبراهیم کەریمی، یاسر کەریمی، فارووق قادری، لوقمان ئەمینی و سەید تاریق حوسێنی لە جوانڕۆ دەستبەسەر کراون. هەر لەو ماوەیە و فارووق ئەحمەدی و عەبدولقادر قادری لە شاری ڕەبەت و ساحیب ئەحمەدی، خەڵکی سنە، فەتحوڵڵا حوسێنی، خەڵکی سەردەشت و ئەمین قەیسەری خەڵکی شاری بانە دەستبەسەر کراون.

لەم پەیوەندییەدا دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان بڕیاری ١٠ سزای بەندکردنی داوە کە لەو ماوەیەدا لوقمان کەریمی، خەڵکی شاری جوانڕۆ سزای ١١ ساڵ بەندکردن، ئیبراهیم کەریمی، خەڵکی شاری جوانڕۆ سزای ١٢ ساڵ بەندکردن، عەبدولجەبار لوتفی، خەڵکی شاری سنە سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن، مادیح کەرمی، خەڵکی شاری سنە سزای ١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، سەید جەلال ئەکبەری، خەڵکی سەوڵاوا سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، ئارمان سادقی، خەڵکی شاری دێولان سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن، سابیر خودامورادی، خەڵکی شاری سەقز سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن، حوسێن عەلیمورادی، خەڵکی شاری سنە سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و سەیفوڵڵا حوسێنی، خەڵکی شاری جوانڕۆ سزای ١٧ ساڵ بەندکردن بەسەریاندا سەپاوە.

هەروەها دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە ئورمیە، سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەر یوونس نەوخاە، خەڵکی شاری پیرانشار و لقی ٤ی دادگای شۆڕشی کرماشان سزای ٢ ساڵ بەەندکردنی بەسەردا سەید تاریق حوسێنی، خەڵکی شاری جوانڕۆدا سەپاندووە.

هەر لەو پەیوەندییە و لە سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٢دا ناوەندە حکوومەتییەکان گوشاریان خستووەتە سەر زۆرێک لە چالاکانی ئایینی و مامۆستایانی کوردستان و بەهۆی پاڵپشتیی لەم بزووتنەوەیە و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شارەکانی کوردستان، کۆمەڵێک لەو مامۆستایانە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرەڕای ئەوەی کە بانگ کراون، لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە و تەنانەت هەڕەشەشیان لێ کراوە.

شایانی باسە کە مامۆستایانی پەیڕەوی ئایینزای سوننە لە دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی، لەلایەن مامۆستایانی ئایینی پەیڕەوی ئاییزای شیعەوە دادگایی کراون کە ئەمەش لە بنەڕەتدا بەپێچەوانەی پێوەرە ئایینییەکانی ئاییزای سوننەیە. بۆیە هەموو ئەو کەسانەی وەکوو تاوانبارێک دادگایی کراون کە لە کەمترین مافەکانی بەرگریکردن وەک مافی هەبوونی پارێزەر بێبەری و بێبەش کراون و تەنانەت مافی بەرگریکردنی ڕەوا لە خۆیان بەپشتبەستن بە باوەڕەکانی خودی ئەو مامۆستایانە پێیان نەدراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە