سەپاندنی سزای شەش مانگ بەندکردن بەسەر دانش مەولوودی، هاووڵاتیی خەڵکی بیجاڕ

دانش مەولوودی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بیجاڕ کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئەم شارەوە

٢٩ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١١:١٢


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

دانش مەولوودی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بیجاڕ کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئەم شارەوە سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هاووڵاتییەک بە ناوی دانش مەولوودی، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری بیجاڕ، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی شاری بیجاڕ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "میلاد ڕەحمانی"، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی"، سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

ناوبراو هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ٢٧٢٢ لە شاری بیجاڕ و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای تێپەڕبوونی مانگێک لە دەستبەسەربوونی، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ساڵی ٢٧١٧دا بەهۆی چالاکییەکانییەوە جارێکی دیکە دەستبەسەر کراوە و دوای ٦ مانگ بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی یەک ملیار تمەن و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

دانش مەولوودی لە کۆتاییی مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٠، لەلایەن لقی ١ی دادگای گشتی و شۆڕشی شاری بیجاڕەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی لایەنگری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، سزای ۵ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە