مەهدی سادقی پاش تێپەڕاندنی سزاکەی لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرا

مەهدی سادقی، خەڵکی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، دوای تێپەڕاندنی سزای ٦ مانگ بە\

٣٠ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٢:٢١


هەنگاو: سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

مەهدی سادقی، خەڵکی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، دوای تێپەڕاندنی سزای ٦ مانگ بەندکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، مەهدی سادقی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "شوهان"ی سەر بە شاری مەلەکشایی لە پارێزگای ئیلام، پاش تێپەڕاندنی ماوەی ٦ مانگ بەندکردن ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کرا.

مەهدی سادقی پێشتر لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلیڕەزا هیمەتیزادە"، بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی بەهۆی ئاژاوەگێڕی و دروستکردنی قەرەباڵی"، بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەستبەسەربوونی پێش لە دادگاییکردنەکەی، سزای ٦ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی و هەروەها ٢ ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی لە ئێرانی بەسەردا سەپا.

ئەم لاوە کوردە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری ئیلام لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەزی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

شایانی باسە کە مەهدی سادقی هەم لە کاتی دەستبەسەربوون و هەم لە کاتی دادگاییکردنیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە