سزای سێدارەی هێمن مستەفایی لە بەندیخانەی سنە جێبەجێکرا
سزای سێدارەی هێمن مستەفایی، بەندکراوی خەڵکی مەریوان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران ئەو سزایە بەسەردا سەپابوو، دو
هەنگاو؛ چوارشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
سزای سێدارەی هێمن مستەفایی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەریوان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران ئەو سزایە بەسەردا سەپابوو، دوای ١٢ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێکرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣) ٢١ی ژوئەنی ٢٠٢٣ (، سزای سێدارەی هێمن مستەفایی،بەندکراوی سیاسی خەڵکی شارۆچکەی کانی دینار سەر بە شاری مەریوان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێکرا.
هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی هێمن مستەفایی، خوازیاری سەرنجی جددی کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە بۆ پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان لەئێراندا.
هێمن مستەفایی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی جۆزەردان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرابوو.
پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بڵاو کردەوە؛ هێمن مستەفایی پێش گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، دەیەمین ساڵی بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت شاری سنە تێپەڕ دەکرد؛ ناوبراو لەلایەن داواکاری گشتیی پارێزگای سنە هەڕەشەی جێبەجێکرانی "سزای سێدارە"ی سەپێندراو بەسەریدا لێ کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری سنە، گوللەی چەکی ساچمەییی هێزە حکومەتییەکان بەر لای چەپی سینگی کەوتبوو و ساچمەکان چوونەتە ناو قوڵاییی جەستەی ناوبراو و نزیک لە دڵی.
سەرەڕای سەختیی برین و خراپیی دۆخی تەندروستیی هێمن مستەفایی و پێویستی خێرای بە نەشتەرگەری و چارەسەریی پزیشکی، هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە ڕێگەی گواسترانەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نەدراوە.
هێمن مستەفایی، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ٢٧١٢، بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسداران بە ناوی ئیبراهیم محەممەدی لە شاری مەریوان دەستبەسەرکرا. ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە گرتنە ئەستۆی کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران بوو.
دواتر ئەم بەندکراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی حکوومەت لە سنە، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای "قەساس" و بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە کە ناوەندە حکوومەتییەکان لە شاری سنە، دۆسیەی تۆمەتی موحارەبەیان بۆ هێمن مستەفایی دەرکردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕەت کرایەوە.
هەروەها لە جۆزەردانی ساڵی ٢٧١٧، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هێمن مستەفایی، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری سنە گواستراوەتەوە کە لە کۆتاییدا بەهۆی کۆبوونەوەی خەڵک لە بەردەم بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری سنە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و هەروەها وەرگرتنی لێخۆشبوونی سکاڵاکەری تایبەت، جێبەجێکرانی سزاکەی هەڵوەشایەوە.
پێش دەستبەسەرکرانی هێمن مستەفایی، بۆ ماوەیەک ئەندامی حیزبێکی کوردستانی بووە. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی بەیان کاکەخانی، هیوا دادئافەرین و خەلیل شێرزادی بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی ئیبراهیم محەممەدی دەستبەسەر کرابوون کە دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم کەسانە لەژێر ناوی "سوژە مرگ" لە کەناڵی "پرس تی ڤی" سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ٢٧١٣ بڵاو کرایەوە.