ناڕوونیی چارەنووسی پژمان مورادی و نیگەرانی لەسەر بێسەروشوێنکردنی دوای ١٥ مانگ دەستبەسەربوون

سەرەڕای تێپەڕبوونی پازدە مانگ لە دەستبەسەربوون و بێسەروشوێنکردنی پژمان مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ڕوانسەر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدا

٣١ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢١:٥٨


هەنگاو: چوارشەممە، ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

سەرەڕای تێپەڕبوونی پازدە مانگ لە دەستبەسەربوون و بێسەروشوێنکردنی پژمان مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ڕوانسەر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کە تاکوو ئێستا هیچ چاوپێکەوتن و پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە، نیگەرانیی بنەماڵە و کەسوکارەکەی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پژمان مورادی، لاوی خەڵکی شاری ڕوانسەر، ماوەی زیاتر لە پازدە مانگە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری مەریوان دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیکی بنەماڵەی مورادی، لەلایەن سوپای پاسداران و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتدا بە بنەماڵەی پژمان ڕاگەیاندراوە کە کوڕەکەیان لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە دەستبەسەر کراوە و هیچ وردەکارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو و زانیاریی زۆرتر باس نەکراوە.

ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی باس کرد کە ئەو ناوەندە حکوومتەتییە دۆسیەسازییان بۆ پژمان مورادی کردووە و تا هەنووکە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و تەنانەت یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیشی لەگەڵ بنەماڵەکەی و هیچ کەسێکی دیکەدا نەگرتووە.

بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، بەگوێرەی ئەوەی کە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی پژمان مورادی ئاشکرا ناکەن، خەریکی "بێسەروشوێنکردنی نایاسایی"ی ئەو هاووڵاتییەن کە ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوان هەژمار دەکرێت.

ئەو لاوە کوردە لە ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ لە گوندی "دێوەزناو"ی سەر بە شاری سەوڵاوا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە کە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناڕوونە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە