سەجاد مورادی وندان لەلایەن دادگای ئیلامەوە بانگکرا

سەجاد مورادی وندان، خەڵکی ئاودانان کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو، لەلایەن دادگای

١ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٦:١٤


هەنگاو؛ پێنجشەممە ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

سەجاد مورادی وندان، خەڵکی ئاودانان کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بانگکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سەجاد مورادی وندان، چالاکی مەدەنی و خەڵکی ئاودانان، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلام بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ تۆمەتە سەپێندراوەکان بەسەریدا بانگکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تۆمەتبارکراوە بە "هاندان و بەلاڕێدابردنی خەڵک بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات"، "بەڕێوەبردنی گرووپ بەمەبەستی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی گشتی"، "گواستنەوە و دروستکردنی ماددەی تەقێنەرەوە" و "بێڕێزیکردن بە ڕێبەر".

بەپێی ئەم ئاگادارینامەیە، دانیشتنی دادگای سەجاد مورادی وندان لە لقی دووی دادگای شۆرشی ئیلام لە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ بەڕێوەدەچێت.

سەجاد مورادی وندان، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، دوای بیست ڕۆژ مانگرتن لە خواردن بەدانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ئیلام ئازادکرا.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی ئاودانان، لە ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢١، لە دوای هێرشی هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر خانەباخێک لە دەوروبەی مەسجد سولەیمان دەستبەسەرکرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە