بەندیخانەی سنە؛ هۆشمەند عەلیپوور بەندکراوی سیاسیی کورد مانی لە خواردن گرت

هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سەردەشت کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ماوەی ٨ ساڵ سزای سەپێندراو بەسەریدا تێپەڕ

٤ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٢١:٣٠


هەنگاو: یەکشەممە، ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سەردەشت کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ماوەی ٨ ساڵ سزای سەپێندراو بەسەریدا تێپەڕ دەکات، مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ڕۆژی شەممە، ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سەردەشت، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگری ناوەندە ئەمنییەکان لەئازادییبەمەرجی ناوبراو لە حاڵێکدا پێنج ساڵ لە سزای ٨ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕاندووە، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی سنە، ئەم بەندکراوە سیاسییە ناڕازییە ڕایگەیاندووە کە تاکوو کاتی ئازادبوونی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.

هۆشمەند عەلیپوور پێشتریش لە ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠دا بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەهۆی دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر داوای مەرەخەسیی کاتیی ناوبراو بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی براکەی کە لەکاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژرابوو، مانی لە خواردن گرت.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕی ٢٧١٧ لەگەڵ محەمەد وەستا قادر، خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان لەو شارە دەستبەسەر کران و پاش ١٠٨ جار لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواستراوەتەوە و لە مانگی بانەمەڕی هەمان ساڵدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە.

بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ و لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەیدی" بەڕێوە چوو و هوشمەند عەلیپوور بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و لە هەمان ساڵدا بەفەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا، هەروەها محەممەد وەستا قادر سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

دواتر سزای سێدارەی هۆشمەند عەلیپوور لەلایەن دادگای باڵا هەڵوەشایەوە و ڕەوانەی لقی هاوئاستی خۆی کرا. بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧١٩ لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی شاری سنە بەڕێوە چوو و سزای ٨ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە ڕۆژی شەممە، ٥ی ڕەزبەری هەمان ساڵ بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیاندرا.

شایانی باسە کە هۆشمەند عەلیپوور پاش دەستبەسەربوونییەوە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی سەقز و سنە، تەنانەت یەک ڕۆژیش مۆڵەتی ئازادیی کاتیی پێ نەدراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە