دەستبەسەرکردنی سێ چالاکی ژینگەپارێز لە سەوڵاوا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
سێ چالاکی ژینگەپارێز بە ناوەکانی یاسر سابیری، موحسین دادگەر و سەعید دادگەر و دانیشتووی شاری کامێران، بەهۆی ئەوەی کە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگر
هەنگاو: دووشەممە، ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٣
سێ چالاکی ژینگەپارێز بە ناوەکانی یاسر سابیری، موحسین دادگەر و سەعید دادگەر و دانیشتووی شاری کامێران، بەهۆی ئەوەی کە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی چیای کۆساڵانیان داوە، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی شاری هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، سێ چالاکی ژینگەپارێزی کورد بە ناوەکانی موحسین دادگەر و سەعید دادگەر، خەڵکی گوندی "دیوەزناو"ی سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی شاری کامێران، هەروەها یاسر سابیری و خەڵکی شاری کامێران، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی سوپای پاسداران لە ڕێگەی گەڕانەوەی شاخی کۆساڵان لە شاری سەوڵاوا بەرەو کامێران ئۆتۆمبێلی ئەو چالاکە ژینگەپارێزانەیان ڕاگرتووە و بە پاساوی "قەدەغەبوونی هاتوچوو" هەرسێکیان دەستبەسەر کراون.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، موحسێن دادگار و سەعید دادگار دوای ئەوەی کە لە ڕێگەی گەڕانەوەیان لە شاری سەوڵاوا دەستبەسەر کراون، بۆ بارەگای شەهرامفەر و دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە گواسراونەتەوە.
لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، بنار و بەرزایییەکانی چیای کۆساڵان لە شاری سەوڵاوا لەلایەن تۆپخانە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەکانی هێزەکانی سوپای پاسداران بە بیانووی هێزە کوردستانییەکان کراونەتە ئامانج و دوو شەڕی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هاتووەتە ئاراوە کە لە ئاکامی ئەم شەڕانەدا ژینگەی ئەم ناوچەیە و بەتایبەت لێڕەوار و لەوڕەگە و دارستانەکانی کۆساڵان بەئەنقەست لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە لەنێو بردراوە.
شایانی باسە لەو ڕۆژانەدا هێزەکانی سوپای پاسداران ڕێگرییان لە ئامادەبوونی خەڵکی ناوچەکە کرد بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردن و کۆنترۆڵکردنی ئاگرە بە ئەنقەستەکانی ئەم دەستە حکومییە لە لەوەڕگەکانی کۆساڵان.