نیگەرانی هەنگاو سەبارەت بە ناڕوونی چارەنووسی عوسمان مامە، خەڵکی بۆکان دوای ٧ مانگ دەستبەسەرکردن

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٢١ ڕۆژ بەسەر ڕفێندرانی عوسمان مامە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدانییە.

٥ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٢٣:٥٧


هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٢١ ڕۆژ بەسەر ڕفێندرانی عوسمان مامە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدانییە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، عوسمان مامە، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی بۆکان، زیاتر لە ٧ مانگ لەمەوپێش لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی بەناڕوونی ماوەتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عوسمان مامە لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: «ئەم بنەماڵەیە لەماوەی ڕابردوودا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دۆخی عوسمان مامە سەردانی ئیدارەی ئەماکن، ئیدارەی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سوپا، دەزگای دادوەریی، بەندیخانەکانی بۆکان و هەموو ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانیان کردووە و هیچ وەڵامێکیان دەست نەکەوتووە.

هەروەها ئەم بنەماڵەیە بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئورمیەیان کردووە و لە وەڵامی بەدواداچوونەکانیان لایەنە پەیوەندیدارەکان یان ڕەدیان کردووەتەوە کە عوسمان مامەیان ڕفاندبێت یاخود بە بیانووی ئەمنییەتیبوونی دۆسییەکەی خۆیان لە پێدانی هەرچەشنە زانیارییەک بواردووە.»

هەتا ئێستا عوسمان مامە هیچ چەشنە پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەکردووە و ئەمەش بووەتە مایەی ترس و نیگەرانی بۆ بنەماڵەکەی.

عوسمان مامە پێش ڕفاندرانی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە کێڵگەیەکی پەلەوەر لە شاری دووکانی باشووری کوردستان کاری کردووە.

عوسمان مامە خەڵکی بۆکان شەوی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا.

بەپشتبەستن بە مادەی ٢ی کنوانسیۆنی پشتیوانی لە تاک لەبەرانبەر ڕفاندنی زۆرەملێ، هەنگاو دەوڵەتی ئێران تۆمەتباردەکات بە ڕفاندنی عوسمان مامە و داواکارە کە بە زووترین کات کۆماری ئیسلامی ئێران خزمەتگوزاری تەندروستی و دادوەریی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بۆ ناوبراو دەستەبەربکات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە