کوژرانی بەندکراوێک بەهۆی شەڕێکی خوێناویی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی ئورمیە

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەندیخانەی ئورمیە، شەڕێکی خوێناویی بەکۆمەڵ لە نێوان بەندکراواندا هاتووەتە ئاراوە و لە ئاکامی ئەو شەڕەدا بەند

٦ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٢٠:١٦


هەنگاو: سێشەممە، ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەندیخانەی ئورمیە، شەڕێکی خوێناویی بەکۆمەڵ لە نێوان بەندکراواندا هاتووەتە ئاراوە و لە ئاکامی ئەو شەڕەدا بەندکراوێک بە ناوی عیرفان بەبریزادە کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕبردوودا عیرفان بەبریزادە، بەندکراوی تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، لە کاتی شەڕێکی دەستەویەخە و لە بەشی ڕاوێژکاریی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کوژراوە.

ئەم بەندکراوە لە کاتی شەڕی دەستەویەخەی نێوان بەندکراوانی تۆمەتبار بە تاوانە مەترسیدارەکان، بە لێدانی چەندین چەقۆ کوژراوە و هەروەها بەندکراوێکی تر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە، عیرفان بەبریزادە پێشتر بە تۆمەتی دزیکردن دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٤ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

هەنگاو بەردەوام ئاگاداری بڵاو کردووەتەوە و هۆشداریی داوە کە نەبوونی ئاسایش و ئەمنییەتی گیانیی بەندکراوانی ناو بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیەکی جیدیی سەر سەرجەم بەندکراوانە.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە و بەڵگەنامانەی کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەدەست هاتوون، جگە لە بوونی مافیاکانی فرۆشی ماددە هۆشبەرەکان، هەمیشە هەموو جۆرە چەکێکی سارد بە وەرگرتنی بەرتیل و چاوپۆشی و تەنانەت بە بەرپرسیارێتیی بەرپرسانی بەندیخانەکان دەبرێنە ناو بەندیخانەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە