ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر بارودۆخی نالەباری کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسیی کورد

کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە بە تێپەڕکردنی ۵۵١١ ڕۆژ ماوەی بەندکردن تەنیا نیوەی سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕاندووە، لە ماوەی تێپەڕکردنی سزاکەی

٧ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٠٠:٢٤


هەنگاو: سێشەممە، ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە بە تێپەڕکردنی ۵۵١١ ڕۆژ ماوەی بەندکردن تەنیا نیوەی سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕاندووە، لە ماوەی تێپەڕکردنی سزاکەی لە بەندیخانە، لە هەموو مافەکانی وەک بەندکراوێک بێبەری و بێبەش کراوە و لە بەندیخانەی میناب لانی کەم دوو جار جەڵتە لێی داوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ کەماڵ شەریفی، تەمەن ۵١ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بەندکراوی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی کورد کە ماوەی ١۵ ساڵەی لە بەندیخانەدایە، تاکوو ئێستاش لە بەندی تاوانە مەترسیدارەکانی بەندیخانەی میناب لە پارێزگای هورمزگان ڕاگیراوە و لە مافە سەرەتایییەکانی وەک مافی ئازادیی کاتی و تەنانەت مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە دادگایەکی ۵ خولەکی و لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شەقایەق" بە تۆمەتی "موحاڕبە لە ڕێگەی ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان"، سزای ٣٠ ساڵ بەندکردن و دوور خرانەوە بۆ بەندیخانەی میناب بەسەریدا سەپاوە و هەروەها لە هەموو مافەکانی بەندکراوان وەک ئازادیی کاتی، کارکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەر جۆرە پەیوەندییەکی تر بێبەری و بێبەش کراوە.

ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، بە نامرۆڤانەترین و دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە کراوە. شەریفی لەسەر دادگاییکردنەکەی ڕایگەیاندووە: "ئەم دادگاییکردنە کەمتر لە ۵ خولەکی خایاند و تەنانەت کاتێک سڵاوم لە کاک ئەحمەد سەعید شێخی، پارێزەرەکەی خۆم کرد، بەهۆی ئاگاداریی دادوەرەکەوە ڕێگری لێ کرا وەڵامی سڵاوەکەم بداتەوە".

کەماڵ شەریفی لە ساڵانی ٢٧١١ و ٢٧١٩ تووشی جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ بووە، لە حاڵەتی یەکەمدا توانای جووڵاندنی لای ڕاستی جەستەی لەدەست داوە و لە حاڵەتی دووهەمیشدا لە نەخۆشخانەیەکی بەندەرعەباس نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ٤٨هەمین ڕۆژی مانگرتنی لە خواردن لە ساڵی ٢٧١٢دا، تەنیا یەک جار ڕێگەی پێ دراوە بۆ ماوەی چەند خولەکێک لە ژووری بەرپرسی بەندیخانە بە ئامادەبوونی چەند فەرمانبەرێکی بەندیخانەکە، براکەی و دایکی ببینێت. ناوبراو لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "تەنانەت ڕێگەم پێ نەدراوە لەگەڵ دایکم بە زمانی کوردم قسە بکەم، لە کاتێکدا دایکم ناتوانێت بە فارسی قسە بکات، ناچارمیان کردووە بە فارسی قسەی لەگەڵ بکەم". ئەم چاوپێکەوتنە کورتە بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتن لە خواردنی ئەو بەندکراوە بووە.

کەماڵ شەریفی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۵ی جۆزەردانی ٢٧٠٨ (٢۵ی مەیی ٢٠٠٨) لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و لە هەمان ڕۆژ بە فەرمانی داواکاری گشتیی شاری سەقز، دەست و پێ و چاویان بەستووە و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٠٩ (١٢ی مەیی ٢٠٠٩) بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میناب گواستراوەتەوە و لەو کاتەوە بەهۆی بەردەوامیی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی بێبەری و بێبەش کراوە.

شایانی باسە کە ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ساڵانی ٢۶٨٩ و ٢۶٩٠ جارێکی تر بە تۆمەتی پشتیوانی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە سزای دوو ساڵ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە