بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ ١٢ ڕۆژ بەسەر مانگرتن لە خواردنی حەمید فەتحوڵڵاهی، بەندکراوی تۆمەتبار بە کوشتنی ئەنقەست تێدەپەڕێت
حەمید فەتحوڵڵاهی، بەندکراوی خەڵکی کامێران ١٢ ڕۆژە بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بارودۆخی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە مانی لەخواردن گرتووە.
هەنگاو: هەینی ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣
حەمید فەتحوڵڵاهی، بەندکراوی خەڵکی کامێران ١٢ ڕۆژە بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بارودۆخی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە مانی لەخواردن گرتووە. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەرکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی دووشەممەوە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٣) بەندکراوێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بەناوی حەمید فەتحوڵڵاهی، خەڵکی گوندی "کولە سارە" سەر بە شاری کامێران و دانیشتووی کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە مانگرتن لە خواردنی دەستپێکردووە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەمید فەتحوڵڵاهی بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر دیاریکردنی بارمتەی قورسی ١٥ ملیار تمەنی بۆ ناوبراو و هەروەها ئەو کەموکورتی و گرفتانەی کە لە ڕەوتی بەدوداچوون بە دۆسییەی ناوبراودا هاتووەتەپێش مانی لە خواردن گرتووە. دادوەری دۆسیەکەی، لە حاڵێکدا ناوی ئەم بەندکراوەی وەکوو تۆمەتباری سەرەکی ناساندووە، کە ناوبراو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئەنجامدانی تاوانەکەوە نەبووە.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە حەمید فەتحوڵڵاهی پێشتر لە مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٢، تۆمەتبارکراوە بە بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ناو بەندیخانەی سنە و هەوڵدان بۆ "تێکدان و شکاندنی کەلوپەلی گشتی" و "بەشداری لە هێرشکردن" و دادگایی کراوە.
حەمید فەتحوڵڵاهی لە ڕۆژی ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢١، بەتۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەرکرابوو و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرابوو.