گوشاری لەڕادەبەدەری ئەمنییەتیی ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ سەر ژینا مودەڕەس گورجی

ژینا مودەڕەس‌گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی ناسراوی بواری مافەکانی ژنان و خەڵکی شاری سنە، وێڕای ڕێگریکردن لە بەشداریی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی

٩ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٣:٤٥


هەنگاو: هەینی، ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

ژینا مودەڕەس‌گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی ناسراوی بواری مافەکانی ژنان و خەڵکی شاری سنە، وێڕای ڕێگریکردن لە بەشداریی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی خوێندنەکەی، تۆمەتێکی ئەمنییەتیی نوێیان داوەتە پاڵی و جارێکی دیکە ماوەی دەستبەسەروونی درێژتر کرایەوە، هەنووکەش لە بەندیخانەی سنە ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا، ژینا مودەڕەس‌گورجی ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن داواکاری گشتی و شۆڕشی شاری سنە بە "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" تۆمەتبار کراوە.

هەروەها ماوەی دەستبەسەربوودنی ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان کە لە کۆتاییی مانگی خەرمانان بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ درێژ کرایەوە؛ ئێستاش جارێکی دیکە تاکوو ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ درێژتر کراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ژینا مودەڕەس‌گورجی ڕێگەی پێ نەدراوەکە لە تاقیکردنەوەیەکی قۆناغی ماستەر لە کۆمەڵناسی لە زانکۆی "ئازاد"ی شاری سنە بەشداری بکات و لەو تاقیکارییە بێبەری کراوە.

پێشتر لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕاگەیاند ژینا مودەڕەس‌گورجی، تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ و پڕوپاگەندە" دراوەتە پاڵی و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتریش تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی پێکهێنانی باند و گرووپی نایاسایی و ئەندامەتی لەو گرووپە"، لە دادگای شۆڕشی شاری سنە پێی ڕاگەیەندراوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٩ی مەیی ٢٠٢٣) پاش یەک مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە، بۆ بەندی گشتیی ئەو ناوەندە گەڕێندراوەتەوە.

ناوبراو دووشەممە، ٢١ی بانەمەڕ (١١ی مەی)، لە کاتی گەڕانەوە و لە ڕێگەی کتێبفرۆشیی شوێنی کارەکەی بۆ ماڵی خۆیان، لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کراوە.

ژینا مودەڕەس‌گورجی ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەرکراوە و پاش نزیک بە ٤٠ ڕۆژ دستبەسەربوون لە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە، لە ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا (٣٠ی ئۆکتۆبەر) بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی تا کاتی بەرێوەچوونی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە