ڕێگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پەیمان مینبەری

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕێگری لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پەیمان مینبەری، گیانبەختکردووی بەرخۆدانە جەماوەرییەکانی ئەو شارە کرد و وێڕای هەڕەشەک

١٠ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٤:٤٥


هەنگاو: شەممە، ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕێگری لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پەیمان مینبەری، گیانبەختکردووی بەرخۆدانە جەماوەرییەکانی ئەو شارە کرد و وێڕای هەڕەشەکردن لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ماڵی ئەو بنەماڵەیەشیان گەمارۆ داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١ی جولای ٢٠٢٣)، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پەیمان مینبەری، یەکێک لە گیانبەختکردووانی بەرخۆدانی جەماوەریی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری سنە، ئیدارەی ئیتلاعات ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە لە سەر گڵکۆی ناوبراو لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی ئەو شارە کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئەو گیانبەخکردووە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڕەشەی لە بنەماڵەکەشی کردووە کە تەنانەت نابێت لە ماڵی خۆشیاندا ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کوڕەکەیان بەڕێوە ببەن.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماڵی بنەماڵەی ئەو گیانبەختکردووەیان لە گەڕەکی حاجیاوای سنە گەمارۆ داوە و ڕێگری لە چوونەدەرەوەی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە ماڵەکەیاندا دەکەن و هەروەها ڕێگەی هاتووچۆ و هیچ کەسیش لە دەوروبەری ئەو بنەماڵەیەدا نادەن.

پەیمان مینبەری، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "نییەر"ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆ و دانیشتووی شاری سنە، لە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢دا لە نزیک پردی مەردۆخی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی بەخت کرد.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە