بەردەوامیی گوشارەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئاژەڵدارانی ئورمیە و دەستبەسەرداگرتنی حەوت سەد سەر مەڕ

لە درێژەی ئەو هەواڵانەی پێشتر و بەردەوامیی گوشاری هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئاژەڵدارانی ناوچە شاخاوییەکانی ئورمیە، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردو

١٠ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٨:٢١


هەنگاو: شەممە، ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣
لە درێژەی ئەو هەواڵانەی پێشتر و بەردەوامیی گوشاری هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئاژەڵدارانی ناوچە شاخاوییەکانی ئورمیە، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا نزیکەی ٧٠٠ سەر مەڕی ئاژەڵدارە کوردەکان لە لەوەڕگەی بەرزایییەکانی داڵانپەڕ و بۆزی سینا لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا ٧٠٠ سەر ئاژەڵی ئاژەڵدارانی ئورمیە لە شاخەکانی داڵانپەڕ و بۆزێ سینا لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و لە ڕێگەی بارهەڵگری سەربازییەوە بۆ ئورمیە گواستراونەتەوە.

پێشتریش واتە ڕۆژی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا دیکەدا وێڕای ئاماژەدان بە گوشاری هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری ئورمیە و هاوکات لەگەڵ تۆپبارانی ئەو ناوچانە لەلایەن ئەو هێزانەوە، ڕایگەیاند؛ دامودەزگاکانی سوپای پاسداران و بەسیج گوشاریان خستووەتە سەر ئاژەڵدارانی ناوچەی "سیلوانا"ی ئورمیە و ئەم گوشارانەش کاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر بژێویی ژیانی ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە بووە.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: دامودەزگای سوپای پاسداران هەڕەشەیان لە ئاژەڵدارانی ناوچەی "سیلوانا"ی ئورمیە کردووە کە ئەگەر نەبنە ئەندامی بەسیجی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەلایەن ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی خراونەتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، ڕێگەیان پێ نادرێت کە ئاژەڵەکانیان ببەنە لەوەڕگەکان.

هەر لەو پەیوەندییەدا مانگی جۆزەردان یەکێک لە دانیشتووانی گوندی دزەی مەرگەوەڕ بە هەنگاوی ڕایگەیاند؛ هێزە حکوومەتییەکانەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی کە خۆیان پێی دەڵێن "هاوکارینەکردن"، دەستیان بەسەر دەیان مەڕوماڵاتی کەسێکی دانیشتووی ئەو گوندەدا گرتبوو و هەروەها ڕاپۆرتێکی هاوشێوەی گوندی دزە، لەسەر خەڵکی گوندی "زیوە"ش ڕووی داوە و گوشارەکانی دامودەزگاکانی سوپای پاسداران بۆ سەر خەڵکی ئەو گوندە بەردەوامە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە