کەماڵ لوتفی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و لە بارودۆخێکی ناجێگیردا گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە

کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی، گیانبەختکردوویەکی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری دێولان، کە لە بەندیخانەی کامێران ڕاگیراوە، دوای ئەوەی کە بەهۆی تێکچوونی باری تەندر

١١ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٥:٢٢


هەنگاو: یەکشەممە، ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی، گیانبەختکردوویەکی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری دێولان، کە لە بەندیخانەی کامێران ڕاگیراوە، دوای ئەوەی کە بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی بۆ ماوەیەکی کورت ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەبێ تێپەڕکردنی ڕەوەندی دەرمانی و ماوەی پێویستی چارەسەری، گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کەماڵ لوتفی، خەڵکی شاری دێولان و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری دێولان، ماوەیەک لەمەوبەر لە بەندیخانەی کامێرانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "تەوحید"ی شاری سنە کرا و دوای ماوەیەکی زۆر کورت و بەبێ ئەوەی کە ڕەوەندی دەرمانی و چارەسەریی پێویست تێپەڕ بکات، گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانە.

شایانی باسە کە ناوبرا، ٢٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لەسەر بارودۆخی خۆی پاش دەستبەسەرکردنی، لە بەنەدیخانەی شاری کامێران مانی لە خواردن گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیکی بنەماڵەی لوتفی، کەماڵ لوتفی پاش گیانبەختکردنی کوڕەکەی تووشی نەخۆشیی پێست بووە و بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنێت، وێڕای ئەو نەخۆشییەش ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نە مۆڵەتی ئازادیی کاتی بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی پێ دەدەن و نە ڕێگەی چارەسەریی نەخۆشییەکەی لە ناوەندی دەرمانییەحکوومەتییەکانی پێ دەدەن.

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان، بارودۆخێکی جەستەییی زۆر دژواری هەیە و لەم دوایییانەشدا تەنیا یەک جار چاوپێکەوتنێکی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، کەماڵ لوتفی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری دێولان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و دادوەری دەستبەسەر کراوە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە: کەماڵ لوتفی لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە دوای کوژرانی کوڕەکەی، لەژێر گوشاری بەردەوامی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بووە. ناوبراو لە ڤیدییۆیەکدا پڕوپاگەندەی حکوومەت سەبارەت بە کوژرانی کوڕەکەی لەلایەن دژبەرانی حکوومەتەوە "ضدانقلاب" وە درۆ خستبووە و ڕایگەیاندبوو کە کوڕەکەی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراوە.

ڕەزا لوتفی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی دێولان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە، لە شەوی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢١ بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە