ئەیوان؛ سزای ٩ ساڵ بەندکردن بەسەر بابەک کەریمی لە دەستبەسەرکراوانی ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"دا سەپێندرا

بابەک کەریمی، خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیس

١٢ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١١:٢٩

 

هەنگاو: دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣
 

بابەک کەریمی، خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای نۆ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا بابەک کەریمی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی وڵات"سزای پێنج ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردنی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بەسەردا سەپێندرا.

بە بەکاربردنی مادەی ٣٢٤ی یاسای سزا ئیسلامییەکان وکۆبەندی سزای سەپێندراو، زۆرترین ماوە حوکمی سەپێندراو واتە پێنج ساڵ بەندکرانی ئەم هاووڵاتییە شیاوی جێبەجێکردنە.

 

هەروەها بابەک کەریمی لە دادگادا دۆ سییەکی نوێی لە دژ کراوەتەوە کە هەتا ئێستا دانیشتنی بەدواداچوون بۆ ئەم تۆمەتانە لە دادگای تاوانەکانی ئیلام بەڕێوەنەچووە و دۆسییەکە بە کراوەیی ماوەتەوە.


پێشتر هەنگاو ڕاپۆرتێکی لەبارەی گوشاری هێزەکانی ئیتلاعات لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە بۆ سەر بابەک کەریمی و ئەشکەنجەکرانی بڵاوکردبووە و ئاماژەی بەوەدابوو کە ئێسکی پێی بابەک کەریمی بەهۆی هەڵواسرانی بە بنمیچی ژووری ئەشکەنجەوە شکاوە.


هەنگاو زانیویەتی کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لەماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا بووە و دووجار بە بەشێوازی شانۆ و بەمەبەستی ئەشکەنجەکردنی ئێعدام کراوە. هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەریبووە.


شیاوی ئاماژەپێدانە کە بابەک کەریمی لە حەوتووی یەکەمی مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بارودۆخی ڕاگیرانی لە بەندیخانەی ئیلام و پشتگوێخستنی دۆسییەکەی مانی لە خواردن گرتبوو.

بابەک کەریمی، لە دەستبەسەرکراوانی مانگی ڕەزبەری بەرخۆدانی جەماوەریی ئەیوان، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ دوای سێ مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بەشێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازادکرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە