سادق مەحموودنژاد، کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا چاوی برینداربووبوو لە پیرانشار دەستبەسەرکرا

سادق مەحموودنژاد، یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بریندارکرابوو لە پیرانشار لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا.

١٢ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٩:٣٢


هەنگاو: دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

سادق مەحموودنژاد، یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بریندارکرابوو لە پیرانشار لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٣ی جوڵای ٢٠٢٣)، سادق مەحموودنژاد، خەڵکی گوندی "جڕان سەر» بە پیرانشار، خێزاندار و باوکی منداڵێک لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە ماڵەکەیدا دەستبەسەرکرا.

سەرەڕای ئەوەی کە سادق مەحموودنژاد، چەندجارێک لەنەخۆشخانەکانی خومەینیی ئورمیە، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر نەشتەرگەری بۆ چاوی ئەنجامدراوە، بینایی چاوی چەپی بەنزیکەی ٢٠ لەسەد لاوازبووە.


شیاوی ئاماژەپێدانە کە سادق مەحموودنژاد، لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری پیرانشار لە شەوی ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە گۆڕەپانی "مامۆستا هەژار" کەوتە بەرتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و چاوی پێکرا.

هەتا ئێستا، بارودۆخ، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لە دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بەنەزانراوی ماونەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە