لە شەش مانگی یەکەمیساڵی ٢٠٢٣ دا ٢٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە کە ١٣ کەسیان کوردن

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، لانی کەم ٢٠ بەندکراو لە

١٣ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٧:٥٨


هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، لانی کەم ٢٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە کە ١٣ کەسیان واتە ٦٥٪ی کۆی گشتیی حاڵەتەکان بەندکراوانی کورد بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، جگە لە ١٣ بەندکراوی کورد، لانی کەم ٤ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی زاهیدان، زابۆل و گوڵستان گیانیان لەدەست داوە کە دەکاتە ٢٠٪ی هەموو حاڵەتەکان. هەروەها لانی کەم ٣ بەندکراوی خەڵکی گەچساران، کۆیەشت و تەورێز لەم ماوەیەدا لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆی گشتیی ئەم ٢٠ بەندکراوە، لانی کەم ٤ بەندکراو لەژێر ئەشکەنجەی هێزە حکوومەتییەکاندا گیانیان لەدەست داوە و ٧ بەندکراویان بەهۆی نەخۆشی و دواکەوتنی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانیان لەدەست داوە. سێ بەندکراوی دیکەش بە هۆکاری گوماناوی وەک ژاراویبوون بوون گیانیان لەدەست داوە. هەروەها لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەکان ٤ بەندکراو کوژراون.

شایانی باسە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٣ بەندکراوی سیاسی کە لە پەیوەندی بە بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" و لە شارەکانی بۆکان، زاهیدان و گەچساران دەستبەسەر کرابوون، لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا گیانیان لەدەست داوە.

ناوی ئەو بەندکراوانەی کە گیانیان لەدەست داوە بەم شێوەیە:
١- سدیق ڕەسووڵیان، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، ڕۆژی ١٤ی جەنیوەری ٢٠٢٣ بە شێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گیانی لەدەست داوە. ناوبراو بە تۆمەتی تاوانی ماڵی دەستبەسەر کرابوو.
٢- ئەحمەد ساڵحی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، ڕۆژی ٢٥ی جەنیوەریی ٢٠٢٣ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە. ناوبراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
٣- سەعید سەلیمی فەر، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، ڕۆژی ٢٠ی فێبریوەری ٢٠٣ بەهۆی دواکەوتنی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و گوشاری نەخۆشییەکەی، کۆچی دوایی کرد. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کرا و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوو.
٤- مەجید شاهوەیسی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان، لە ٢٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣ و لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان لە شەڕ و تێکهەوڵچوونی نێوان بەندکراوان کوژرا. ناوبراو بە تۆمەتی تاوانی ئاسایی دەستبەسەر کرابوو.
٥- ئیبراهیم ڕیگی، پزیشکی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری زاهیدان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوە ژن، ژیان ئازادی، لە ٢٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣، دوای ئەوەی کە لەلایەن هێزە جێگیرکراوە حکوومەتییەکان لە بنکەی ١٢ی کەڵانتەری زاهیدان دەستبەسەر کرا، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
٦- سادق فولادیوەندا، تەمەن ٢٩ ساڵ، خەڵکی گەچساران و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی گەچساران گیانی لەدەست دا.
٧- سەیدە ئامینە ئەحمەدی، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، بەهۆی دواکەوتنی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و گوشاری نەخۆشییەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە، ڕۆژی ٢ی مارسی ٢٠٢٣ کۆچی دوایی کرد. ناوبراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
٨- فەرهاد نەقیزادە، بەندکراوی تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، بەهۆی دواکەوتنی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، ڕۆژی ٨ی مارسی ٢٠٢٣، کۆچی دوایی کرد. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کرا و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوو.
٩- شێرزاد ئەحمەدینژاد، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان کە یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی بوو، لە ١٥ مارسی ٢٠٢٣ و لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی ئورمیە گیانی لەدەست دا.
١٠- مەهدی کەریمی، بەندکراوی خەڵکی شاباد، لە ڕۆژی ٢٣ مارسی ٢٠٢٣ و لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی "دیزڵاوا"ی کرماشان کوژرا.
١١- ئەبووزەر سەفەری، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری کۆیەشت، لە ٢ی ئەپریلی ٢٠٢٣ و لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی قەزڵحیساری شاری کەرەج، کوژرا.
١٢- عەبدوڵڵا بەدەوی، تەمەن ٦٥ ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، لە ١٥ی ئەپریلی ٢٠٢٣، بەهۆی دواکەوتنی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و گوشاری نەخۆشییەکەی کۆچی دوایی کرد. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرا و لە بەیدنخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوو.
١٣- مەجید دیارگار، بەندکراوی بەلووچ، ڕۆژی ٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣، لە بەدیخانەی ناوەندیی گوڵستان بە شێوەیەکی گوماناوی ژاراوی کرا و گیانی لەدەست دا.
١٤- مەحموود سابتزادە، بەندکراوی بەلووچ، ڕۆژی ٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣، لە بەندیخانەی ناوەندیی گوڵستان بە شێوەیەکی گوماناوی ژاراوی کرا و گیانی لەدەست دا.
١٥- ناسر حەسەنپوور، بەندکراوی تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، ڕۆژی ١ی مەیی ٢٠٢٣، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و چارەسەنەکردنی نەخۆشییەکەی، کۆچی دوایی کرد. ناوبراو بە تۆمەتی تاوانی ماڵی دەستبەسەر کرابوو.
١٦- سامان دەروێشی، بەندکراوی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری هەرسین، لە ٨ی مەیی ٢٠٢٣ و لەژێر ئەشکەنجەی هێزە حکوومەتییەکانی بەندیخانەی تارانی گەورە کوژرا. ناوبراو بە تاوانی دزی دەستبەسەر کرابوو.
١٧- میلاد بەهمەنزادە، بەندکراوی خەڵکی شاری تەورێز، بەهۆی ترسی گواستنەوەی ناوبراو بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە، تووشی جەڵتەی دڵ بوو و لە ٢١ی مەیی ٢٠٢٣ گیانی لەدەست دا. ئەو بەندکراوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
١٨- سەلاح هیجرانی، بەندکراوی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، ڕۆژی ١١ی ژوئەنی ٢٠٢٣ بە هۆکارێکی نادیار لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کامێران هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
١٩- عیرفان بەبریزادە، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٣ بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانە کوژرا. ناوبراو بە تاوانی دزی دەستبەسەر کرابوو.
٢٠- حەسەن هاشمی‌موقەدەم، بەندکراوی خەڵکی زابۆل، لە ٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٣ بەهۆی دواکەوتنی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و گوشاری نەخۆشییەکەی کۆچی دوایی کرد. ناوبراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە بەندیخانەی زابۆل ڕاگیرابوو


شایانی باسە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام ڕێگریی لە سەردانی ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ بۆ ئێران کردووە و نەیهێشتووە ئەو ناوەند و ڕێکخراوانە سەردان و چاودێریی بەندیخانەکانی ئەو ئێران بکەن.


نیگەرانییە سەرەکییەکان سەبارەت بە بەندیخانە و دەستبەسەرگە ئەمنییەتییە - نهێنییەکانە کە تەنانەت لە لیستی بەندیخانە فەرمییەکانی ڕێکخراوی بەندیخانەکاندا تۆمار نەکراون و لەژێر چاودێری ناوەندە حکوومەتییە - سەربازییەکاندان و بەبێ هیچ کۆنترۆڵێکی دادوەری و ئیداری بەڕێوە دەبرێن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە