مەهاباد؛ بارودۆخی نالەباری بینایی ئیبراهیم حەکیمدووست، خۆپیشاندەرێکی برینداری بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

هاووڵاتییەک بە ناوی ئیبراهیم حەکیمدووست، خەڵکی شاری مەهاباد کە ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییە سەرانسەرییەکان لەو ش

١٤ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٢٠:٥٢


هەنگاو: چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەک بە ناوی ئیبراهیم حەکیمدووست، خەڵکی شاری مەهاباد کە ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییە سەرانسەرییەکان لەو شارە چاوی چەپی بریندار بووە و سەرەڕای ئەوەی کە نەشتەرگەری بۆی کراوە، هێشتا مەترسیی لەدەستدانی بینایی لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئیبراهیم حەکیمدووست، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردووی ئەم شارەدا چاوی چەپی بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان بریندار بووە؛ هەنووکەش باری تەندروستی ناوبراو ناجێگیرە و ئەگەری لەدەستدانی بینایی ئەو چاوەی جددییە.


بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو هاووڵاتییە لانی کەم دوو جار لە تەورێز نەشتەرگەری بۆی کراوە و سەرکەوتوو نەبووە و دواتریش سێ جاریش بۆ چارەسەریی چووەتە تاران، بەڵام ئەو چارەسەرییانە هیچ ئاکامێکی نەبووە و تاکوو ئێستاش کێشەی جددیی بینینی هەیە.


ئیبراهیم حەکیمدووست خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە کە لەگەڵ خێزانەکەی لە خانوویەکی کرێدا دەژین. پاش بریندرابوونی، لە ڕاپەڕندنی ئەرکەکانی ڕۆژانە و کارەکانیدا ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە.


شایانی باسە کە ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری مەهاباد، لە چوارڕێیانی سەید نیزامی ئەم شارە، بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بووە و چاوی چەپی ساچمەی بەر کەوتووە.


بەپشتبەستن بە ئاماری لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بریندار بوون و تاکوو ئێستاش ناسنامەی هەشت کەسیان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە