ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر تیرۆرکردنی دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان

دوو ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی لوقمان ئاجی و عادل قادری لە ناوچەیەکی گەشتیاریی شاری قەڵادزێی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردست

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٠:٤٦


هەنگاو: هەینی، ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

دوو ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی لوقمان ئاجی و عادل موهاجر لە ناوچەیەکی گەشتیاریی شاری قەڵادزێی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان تیرۆر کراون و هێرشبەرەکەش بەرەو ئێران هەڵهاتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ١ی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٧ی خاکەلێوەی ٢٠٢٣)، دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی لوقمان ئاجی، ناسراو بە "لوقمان گەرگوولی" و عادڵ مهاجر، ناسراو بە "سەرباز موهاجر" کە هەردووکیان خەڵکی شاری پیرانشار بوون، لە گوندی گەشتیاریی "هەڵشۆ"ی سەر بە شاری قەڵادزێ لە پارێزگای سلێمانیی باشووری کوردستان تیرۆر کران و هەروەها چالاکێکی تری سیاسی بە ناوی سەعدی مورادپوور کە پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکرات بووە، بەسەختی بریندار بووە.

هەنگاو لە ئاکامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو تیرۆرە لەلایەن کەسێک بە ناسنامەی "ڕەسووڵ ئازەڕەخش" ئەنجام دراوە و دوای بەئامانجگرتنی ئەو سێ کەسە، دەستبەجێ گەیشتووەتە سنوور و پەنای بۆ هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری قەڵادێزێ بردووەتەوە. هەروەها سەعدی مورادپوور لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوە دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوەکان لەو بارەوە دەستی پێ کردووە.

شایانی باسە "ڕەسوڵ ئازەڕەخش" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و شەش ساڵ لەمەوبەر دوای جیابوونەوەی لەم حیزبە گەڕاوەتەوە ئێران. بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکانی ئاماژەپێکراو، ناوبراو لە کاتی گەڕاندنەوەی بۆ ئێران پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کردبوو و بەم دوایییانەش بە بیانووی گەڕان بەدوای کار و کارکردن هاتووەتەوە هەرێمی کوردستان. وێڕای ئەوەی کە ناوبراو پێشتر ئەو کەسانەی ناسیوە، لە شوێنێکی گەشتیاریدا بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی دۆستانەیانی کردووە و دواتر هەوڵی تیرۆرکردنیان داوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، بەرپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەو پرسە نەداوە. هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا چەندین جار هەوڵی تیرۆرکردنی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە خاکی هەرێمی باشووری کوردستاندا داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە