ناڕوونیی چارەنووسی ئەیووب جەوانپوور پاش نزیکە بە مانگێک دەستبەسەرکردن

زیاتر لە سێ حەفتە بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز تێپەڕ دەبێت و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبر

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٦:٢٥


هەنگاو: هەینی، ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

زیاتر لە سێ حەفتە بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز تێپەڕ دەبێت و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە. ئەو هاووڵاتییە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بریندار بووە و ماوەیەکیش لە دەستبەسەرگەی ناوندە حکوومەتییەکاندا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، ماوەی ٢٧ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە و تا هەنووکە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەوڵەکانی بنەماڵەی جەوانپوور بۆ بەدواداچوون لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو هیچ ئاکامێکی نەبووە و تاکوو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کوڕەکەیاندا نەبووە.

ئەیووب جەوانپوور ڕۆژی شەممە، ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٣) لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری سەقز بووە و هەروەها جارێکی تر لە ساڵی ٢٧١٧دا بەهۆی چالاکییەکانی سزای دادوەریی بەسەردا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە