ڕاپۆرتێک لەسەر پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران و بەتایبەت ژنان لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی بانە

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی دامەزراندنی کرێکاران و بەتایبەت ژنان لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان لە شاری بانە، مافە بنەڕەتییەکان سەباەرت بە چۆنیەتی و بارود

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٨:٥٢


هەنگاو: هەینی، ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی دامەزراندنی کرێکاران و بەتایبەت ژنان لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان لە شاری بانە، مافە بنەڕەتییەکان سەباەرت بە چۆنیەتی و بارودۆخی کارکردنیان لەلایەن خاوەنکارانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو و ئاشکرا پێشێل دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی مەیدانی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی شاری بانە، ئەو کرێکارانەی کە لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئەو شارەدا کار دەکەن، بەهۆی ترسی لەدەستدانی سەرچاوەی داهات و کارەکەیانەوە، بۆ داواکردن و دابینکردنی مافەکانیان لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە خۆیان لە ڕێکارە یاسایییەکان دەبوێرن و لە ڕێگەی یاسایییەکانەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانەوە مافەکانی خۆیان نادەن.

پێشێلکردنی مافەکانی کار وەک کەمی مووچە، ماوەی زیاتری کارکردن لە پێوەرەکانی کارکردنی کرێکاران، نزمیی کوالێتی و پێوەرەکانی ستانداردی کۆمپانیاکان، نەبوونی گرێبەستی یاسایی و کەڵکاژۆی گرێبەستی زارەکی لە کرێکاران لەو کۆمپانیایانە کێشەکانی بۆ ژنانی کرێکار زیادتر کردووە و هەروەها کۆمەڵێک کێشەی تری هاوشێوە بووەتە هۆی ئەوەی کە هێزی کارکردنیان بە کرێیەکی کەم لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە بکڕدرێتەوە.

تەنانەت زۆر جار گرێبەستی ئەو کرێکارانە کاتی و سەرەڕای ئەوەش گرێبەستێکی زارەکی بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێکارە یاسایییەکان و هەروەها بەهۆی ئەوەش کە ئەو کۆمپانیایانە لە بەڕێوەبەرایەتیی دابینکردن و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ئەو شارە بەفەرمی نەناسێندراون و تۆمار نەکراون، کرێکارەکان لە کەمترین مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت مافەکانی کارکردن بێبەری و بێبەش کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی چالاکانی مەدەنیی شاری بانە، خاوەن کۆمپانیاکان و خاوەنکار و بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیایانە کرێکاران ناچار دەکەن کە لە کاتی پشووی فەرمیشدا کار بکەن بەبێ ئەوەی کە هیچ خزمەتگوزارەییەکانی ساڵانە و بیمەی کاریان بۆ دابین کرابێت و تەنانەت بەبێ هیچ مووچەیەکی تایبەت بەو ماوە زیادەیە کە کاریان کردووە.

هەروەها جگە لە کەمیی مووچەی کارە زیادەکەیان، هەندێک جار بە پاساوی "پارەی پێویست لە بەدەستدا نییە"، پێدانی مووچەکانیان بۆ ماوەی چەند مانگێک دوا دەخرێت و کرێکارانیش بەهۆی نەبوونی پشتیوانییەکی یاسایی و ئەگەری دەرکردنیان لەسەر کارەکانیان، ڕێکارە یاسایییەکان بۆ بەدواداچوونی مافەکانی خۆیان و ئەو بارودۆخەیان ناگرنە پێش و خۆیان لە ڕێکارە یاسایییەکان دەبوێرن.

لە لایەکی ترەوە مووچەی مانگانەی ئەم کرێکارانە لەلایەن خاوەنکارەکانەوە بەبێ هیچ سیستەمێکی یاسایی و بە شێوەی دەستی پێیان دەدرێت بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێکی سکاڵا یان ڕێکاری یاساییدا کرێکارەکان نەتوانن پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ خاوەنکارەکانیان لە دامەزراوە یاسایییەکاندا بسەلمێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی پێشێلکردنی هەموو مافە دانپێدانراوەکانی کرێکاران، چ لەسەر بنەمای یاساکانی ناوخۆی ئێران یان لەسەر بنەمای مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران کە لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی کارەوە پەسەند کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە