بەردەوامی دەستبەسەرکرانی دوو چالاکی مەدەنیی یارسانی و ناڕوونی چارەنووسیان

نزیک بە ٥٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی دوو چالاکی مەدەنیی یارسانی لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان بەناوەکانی سەید فەرهاد زلنووری و سەید فەریبورز

١٨ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١١:٠٩


هەنگاو: یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

نزیک بە ٥٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی دوو چالاکی مەدەنیی یارسانی لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان بەناوەکانی سەید فەرهاد زلنووری و سەید فەریبورز شائیبراهیمی تێدەپەڕێت و هەتا ئێستا هیچ چەشنە پەیوەندییەکیان بە بنەماڵەکانیانەوە نەگرتووە و ئەمەش نیگەرانی جیددی لێکەوتووەتوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٤٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی دوو چالاکی مەدەنی ناسراوی شاری سەحنە و لە پەییڕەوانی ئایینی یارسان بەناوەکانی سەید فەرهاد زلنووری و سەید فەریبۆرز شائیبراهیمی، هەتا ئێستا لە بەندیخانەی کرماشان بەبێ هەبوونی مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە ڕاگیراون.

هەرچەندە کە هەتا ئێستا پارێزەری هەڵبژێردراو و بنەماڵەی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە نەیانتوانیوە دەستیان بە وردەکاری دۆسیەی ناوبراواندا بگات، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی نزیک بەم دوو بنەماڵەیان ڕاگەیاندوو کە ناوەندە ئەمنییەکان ئەم دوو چالاکی یارسانییەیان تۆمەتبارکردووە بە بەشداری لە کوشتن لە ڕێگای وتاردانی ناڕەزایەتییانە لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی سەید خەلیل عالی نژاد.

ئەم دوو چالاکە یارسانییە ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٣ی مەیی ٢٠٢٣)، لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ هەبوونی بڕیاری دادگا و بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەرکراون. دەستبەسەرکرانی ئەم دوو چالاکە لە دوای گۆڕینی دادوەری دۆسییەکەیان کە دانانی بارمتەکەیان هەڵوەشاندبووە ڕوویداوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە ئەم دوو چالاکە، پێشتر لە ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەگەڵ ٢٠ هاووڵاتیی دیکە لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بیستویەکەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکرانی سەید خەلیل عالی نژاد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرابوون کە دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازادکرابوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە