ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی زەینەب جەلالیان؛ ١٦ ساڵ بەندکردن و پێشێلکردنی مافەکانی

زەینەب جەلالیان، پێنجەمین مانگ لە شازدەیەمین ساڵی بەندکرانەکەی (٥٦١٢ ڕۆژ) تێ دەپەڕێنێت و سەرەڕای ئەوەش کە نەخۆشە، مافی ئازادیی کاتی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەما

١٨ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٢:٤٦


هەنگاو: یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

زەینەب جەلالیان، پێنجەمین مانگ لە شازدەیەمین ساڵی بەندکرانەکەی (٥٦١٢ ڕۆژ) تێ دەپەڕێنێت و سەرەڕای ئەوەش کە نەخۆشە، مافی ئازادیی کاتی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ نادرێت. ناوبراو بەپیشنیەترین ژنی بەندکراوی سیاسییە لە هەموو ئێراندا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ زەینەب جەلالیان زیاتر لە دوو ساڵ و هەشت مانگە بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی یاسایی بۆ بەندیخانەی یەزد گواستروەتەوە و لەو ماوەیەدا مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە. بەرپرسانی ناوەندە حکوومەتییەکان ڕاگەیاندووە؛ مافی چاوپێکەوتنی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەگەڵ بنەماڵەکەی، گرێ دراوە بە دانپێدانی ناوبراو لەسەر وابێژی و چەواشەکانی ئەوان سەبارەت دۆسیەکەی زەینەب و دەبێت پەشیمانیی خۆی دەرببڕێت.

زەینەب جەلالیان لە کاتی دەستبەسەربوونی تاکوو ئێستا، جگە لەوەی کە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی کراوە، زۆر جار بە هۆکارگەلێکی ناڕوون لەنێوان بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران وەک بەندیخانەکانی خۆی، ئێڤین، کرماشان، قەرچەک، وەرامین، کرمان و یەزد گواستراوەتەوە و هەروەها لەو ماوەیەدا لانی کەم دوو جاریش تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بووە، بەڵام تەنانەت مافی ئەوەیان پێ نەداوە کە ئازادیی کاتی وەر بگرێت بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی و لە بەندیخانەش چارەسەر نەکراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی بەندکرانیدا بەهۆی بەردەوامیی ئەشکەنجەدان و گوشارەکانی ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ سەر ناوبراو، چەندین جار تووشی کێشەی گورچیلە و هەرس، کێشە و هەوکردنی ناودەم، کێشە و هەوکردنی چاو، لاوازی و سستی بینایی چاو و هەوکردنی ددانەکانی بووە و بەم هۆکارانەشەوە ئازاری هەبووە.

زەینەب هەنووکەش لە بەندیخانەی یەزددایە و لە ماوەی ١٦ ساڵەی بەندکرانیدا یاسای جیاکردنەوەی ناوبراو لە تاوانبارانی تاوانەکانی دیکە بۆی ڕەچاو نەکراوە.

جیا لەوەی کە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە بەردەوام لەژێر گوشاری ناوندە حکوومەتییەکاندا بوون، زستانی ساڵی ٢٧٢٠ پاش بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی لەلایەن گوزەل حاجیزادە، دایکی زەین جەلالیان کە داوای هاوکاری کردبوو، خێرا دایکیان دەستبەسەر کرد. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامە ڤیدیۆیەش براکانی زەینەب بە ناوەکانی پاشا، ئیبراهیم و یووسف جەلالیان لە شاری ماکۆ دەستبەسەر کران.

زەینەب جەلالیان لە ٧ی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧٠٧، لەسەر ڕێگەی کامێران بەرەو کرماشان دەستبەسەر کرا و لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٠٨دا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مورادی"، بە تۆمەتی چوونە دەرەوە لە وڵات بە شێوەی نایاسایی، سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپا و بەهۆی ئەندامەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

دواتر سزای سێدارەکەی لە ساڵی ٢٧٠٩ و لەلایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی پەسەند کرا و ئەم سزایە لە مانگی خەزەڵوەری ٢٧١١دا کەوتە بەر لێبوردن و بۆ بەندکردنی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کورد، ساڵی ٢٦٨٢، لە گوندی "دەیم قشڵاق"ی سەر بە شاری ماکۆ لە پارێزگای ئورمیە لەدایک بووە و لە ساڵی ٢٧٠٨ تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، بەبێ مافی ئازادیی کاتی و پێشێلکردنی مافە سەرەتایییەکانیشی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە