ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر گیانلەدەستدانی پەیمان گەڵوانی لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

پەیمان گەڵوانی، خەڵکی مەهاباد دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەهاباد و ڕەوانەکرانی بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە، لە ژێر ئەش

١٩ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٠٠:٠١


هەنگاو: یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

پەیمان گەڵوانی، خەڵکی مەهاباد دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەهاباد و ڕەوانەکرانی بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە، لە ژێر ئەشکەنجەی ئەم ناوەندە حکوومەتییە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٩ی بەیانی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٩ی جوڵای ٢٠٢٣)، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی پەیمان گەڵوانی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ئورمیە بەهۆی لەخواربوونی ئاستی هۆشیاری و کەوتنە کۆما گیانی لەدەست دا.

هەنگاو لە وتووێژێکیدا لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئاگادار، زانیویەتی کە پەیمان گەڵوانی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ بەهۆی لەهۆشچوونی و دابەزینی ئاستی هۆشیاری لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ئەم شارە گواسترابووەوە. هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی گەڵوانیان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو بەهۆی "کەوتنە خوارەوەی لە بەرزایی" چووەتە کۆما.

لەماوەی چەند ڕۆژ مانەوەی پەیمان گەڵوانی لە بەشی چاودێری چڕدا، بەشێوەیەکی بەردەوام دوو کەس لە هێزە ئەمنییەکان لەوێ بوون و ئیزنی هیچ چەشنە سەردانێکیان بە کەس نەداوە، بەشێوەیەک تەنیا یەکجار خوشکی پەیمان توانیویەتی چاوی پێ بکەوێت، کە دواتر ڕایگەیاندبوو "ئاساری مۆربوونەوە بەسەر دەموچاو، سەر و جەستەی پەیمان گەڵوانی دیاربووە".

یەکێکی دیکە لە نزیکانی بنەماڵەی گەڵوانی لەمبارەوە ڕایگەیاند: " پەیمان هیچ چەشنە نەخۆشییەکی نەبووە و بنەماڵەی باوەڕیان وایە کە جگە لە ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان هیچ هۆکارێکی دیکە لە پشت گیان لەدەستدانی پەیمانەوە بوونی نییە".

لە ئێستادا، بەهۆی تۆمارکرانی سکاڵا لەلایەن بنەماڵەی گەڵوانییەوە و دەرنەکردنی بڕیاری دەرهێنانی تەرمی ناوبراو لەلایەن داواکاری گشتییەوە، تەرمی پەیمان گەڵوانی لە سەردخانەدا ڕاگیراوە و ئیزنی بینینی تەرمەکەی بە بنەماڵە و کەسانی نزیکی نادرێت.

پەیمان گەڵوانی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢٥ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی لە مەهاباد بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەرکرا و ڕەوانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە کرابوو، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ چەشنە زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، هەرچەشنە دادگاییکردنێک و ئەو تۆمەتانەی کە درابوونە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدانییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی هەنگاو گەیشتووە، پەیمان گەڵوانی پێشینەی چالاکی سیاسیی و ئەندامییەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هەبووە کە دەکرێت ئەمە هۆکاری دەستبەسەرکرانی نایاسایی ناوبراو بووبێت.

تیمی یاسایی هەنگاو لەسەر ئەم باوەڕەیە کە هەر لەسەرەتاوە دەستبەسەرکرانی ناوبراو بەپشتبەستن بە لێدوانی نزیکانی بنەماڵەکەی نایاسایی بووە. هەروەها ئەو ڕاستییەی کە پەیمان گەڵوانی پێش دەستبەسەرکرانی تەندروست بووە و هیچ چەشنە نەخۆشییەکی نەبووە وهۆکاری مردنی بەهۆی هاتنە خوارەوەی ئاستی هۆشیاریی بووە و لە کاتێکدا ڕوویداوە کە ناوبراو لە دەستبەسەرکراوە، هەر بۆیە بە لە پێش چاو گرتنی پێشینەی خراپی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ئەشکەنجەکرانی هۆڤانانەی ئەم ناوەندە لە دەستبەسەرگە نهێنییەکانی، بەرپرسیاری سەرەکی کوشتنی ئەم لاوەی خەڵکی مەهابادە.

هەنگاو پێشتر لە دۆسیەی کوژرانی بەندکراوانی سیاسیی لە ژێر ئەشکەنجەدا لە دەستبەسەر ئەمنییەکان داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی کارناسانی نێودەوڵەتی، پزیشکی یاسایی و ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنووری لەم ڕاستایەدا کردبوو کە هیچ کاتێک لەلایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پەسەند نەکرا.

لەم ڕاستایەدا شیاوی ئاماژەپێدانە کە لە ڕوانگەی هەنگاووە ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران بەهۆی سەربەخۆنەبوونییەوە جێگای متمانە نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە